ئەڵمانیا داوا دەکات سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت

ئەڵمانیا
ئەڵمانیا

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوا دەکات سزای زیاتر بەسەر تەکنەلۆجیای دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی ئێراندا بسەپێندرێت.

ئەنالینا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشەکەی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، داوای کرد سزای زیاتر بەسەر تەکنۆلۆجیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێراندا بسەپێندرێت.

هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند، لەگەڵ فەرەنسا و هاوبەشەکانمان لە یەکێتیی ئەورووپا گەیشتووینەتە لێکگەیشتنێک بۆ فراوانکردنی قەبارەی سزاکان لەسەر تەکنۆلۆجیای سەربازیی ئێران و هیوادارین پێکەوە بتوانین هەنگاوی پێویست دژی ئێران هەڵبگرین.

شەوی شەممە (13ـی نیسانی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشانەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کوژران.