هاندەرانی دهۆك لە رێگەی رووماڵەكانی كوردستان24 كارێكی دەگمەنیان كرد

كەشی یاریگەی یانەی دهۆك پێش یارییەكەیان بەرامبەر قوە جەوییە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق 31/3/2024
كەشی یاریگەی یانەی دهۆك پێش یارییەكەیان بەرامبەر قوە جەوییە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق 31/3/2024

ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق هاندەرانی دهۆك هێزێكی گەورە و كاریگەرییان بە یانەكەیان بەخشیوە، بەردەوامیش وێنە و نماییشەكانیان، میدیایەكانی نێوخۆ و عێراقی تەنیوە، بەڵام چالێنجەكەی ئەمجارەیان تەواو جیاواز بوو، هەمووانیان شۆك كرد.

هاندەرانی یانەی دهۆك لە یاریی دێربی بادینان رێگەیان پێنەدرا سەردانی زاخۆی دراوسێیان بكەن و لە یاریی یانەكەیان ئامادە بن، بەڵام ئەوان كۆڵیان نەدا و ڕژانە نێو پاڕكی نەورۆز شارەكەیان و لە رێگەی سۆشیاڵ میدیای كوردستان24 و كەناڵی كوردستان24 دیكیومێنتەری سەیریی یاریی یانەكەیان كرد و كەشێكی تایبەت و جیاوازیان دروست كرد.

لە دوایین یاریی یانەكەیان بەرامبەر كەرخ رێگە بە هاندەرانی دهۆك نەدرا بچنە نێو یاریگە و هانی تیپەكەیان بدەن.

بەڵام هاندەرانی دهۆك بە شێوازێكی دیكە لە رێگەی چالێنجێكەوە هەڵمەتێكیان بۆ پشتگیریكردنی یانەكەیان دەستپێكرد و بەبێ ئەوەی بچنە نێو یاریگە و لە یارییەكە ئامادەبن لە ماوەی 2 رۆژ وەكو پاڵپشتییەك بۆ یانەكەیان تەواوی بلبتەكانی یارییەكەیان كڕی، ئەمەش كارێك بوو پێشتر لە هیچ یانەیەكی عێراق نەكرا بوو، بەڵام دهۆكییەكان كردیان، لە كاتێكدا ئەم كارە لەسەر ئاستی جیهانیش دەگمەن بوو.

هاندەرانی دهۆك بۆ یاریی یانەكەیان بەرامبەر كەرخ ئەمجارەیان بەلێشاو بەرەو پاركی ئازادی نزیك یاریگەی یانەكەیان رۆیشتن و لە كەشێكی سەرنجراكێش و ناوازە وەكو هەمیشە لە رێگەی شاشە گەورەكەی كوردستان24 و بە كۆمێنتاری ڤەهێل كەلەش سەیریی یاریی یانەكەیان كرد و وێنە و دیمەنەكانیان بەدیار سۆشیاڵ میدیای كوردستان24 سەرنجی هەمووانی راكێشا.

كوردستان24 بووەتە سەرچاوەی یەكەمی وەرزشوانانی نێوخۆیی كوردستان، بەوپێیەی بە كوالیتییەكی بەرز و سەردەمیانە، بەردەوام رووماڵێكی بەرفراوانی خولە نێوخۆییەكانی كوردستان دەكات و بە یەك ئاست گرینگی بە یانەكان دەدات و لە لایەن وەرزشوانانی شار و شارۆچكەكانی كوردستان پێشوازییەكی گەورە و پێزانینێك زۆر بۆ دەزگای میدیایی كوردستان24 هەست پێ دەكرێت.