سوودانی: هیچ مووشەکێک لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی ئیسرائیل نەکراوە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، رێگەنادەن هیچ گرووپ و لایەنێک کرداری شەڕخوازانە دژی بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجامبدەن. دەشڵێت، داوکاریی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان داواکارییەکەی "عێراقییە نەوەک ئێرانی".

لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندین دۆسیەی هەستیار و هەنووکەیی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقی لەگەڵ جۆو بایدن و ئیدارەکەی خستە بەر باس.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی؛ بەشێک لەو دۆسیە و بابەتانەی ئاشکراکردووە کە لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.

لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ سی ئێن ئێن؛ سوودانی سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند: "رێگەنادەین هیچ گرووپێکی چەکدار کرداری شەڕخوازانە دژی بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجامبدەن. گرووپەکان و کەسایەتییەکان ناڕەزایەتی سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەمەریکا بەرامبەر هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەردەبڕن، بەڵام قبووڵ ناکەن هیچ گروپێک عێراق راکێشێتە شەڕێکی ناوچەییەوە".

سوودانی لە چاوپێکەوتنکەدا گوتی، "لەگەڵ ئەمەریکییەکان رێککەوتین لەسەر رێگریکردن لە فراوانبوونی گرژییەکان.  لەناوخۆ و دەرەوە رێکاری خۆپارێزیمان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی یاسا لە عێراقدا". سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا ئەوەی خستەڕوو، "سەردانەکەی لە کاتێکی زۆر هەستیار و یەکلاکەرەوە دابوو، چونکە ناوچەکە بەرگەی پێکدادانی ئیسرائیل و ئێران ناگرێت".

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش داوە، سەبارەت بە غەززە و بەشێک لە پرسەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست "جیاوازی گەورە"ـیان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە.

ئەوەی پەیوەستە بە ئەگەری تێوەگلانی عێراق لە هێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل؛ سەرۆک وەزیرانی عێراق رەتیدەکاتەوە، هیچ مووشەکێک لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کرابێت.

هاوکات، سەبارەت بە کشانەوەی هاوپەیمانان سوودانی جەختی لەوە کردەوە، داواکاری دەرچوونی هاوپەیمانان لە عێراق داواکارییەکی عێراقییە نەک ئێرانی، "چونکە داعش چیتر هەڕەشە نییە بۆ سەر سەقامگیریی عێراق و پێویست ناکا 86 دەوڵەت لە عێراق بمێننەوە. بەڵام عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا لە سەربازییەوە بۆ پەیوەندی فراوانی دووقۆڵی بگۆڕێت".