ئەمەریکا ئامادە نییە بەمزووانە عێراق جێ بهێڵێت

ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لە عێراق
ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لە عێراق

K24 - هەولێر

چەندینجار بەرپرسانی حکوومەتی عێراق ڕایانگەیاندووە، ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا کۆتایی هاتووە و دەبێت وڵاتەکە جێبهێڵن، بەڵام جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو هەڕەشەی داعش مابێت عێراق جێ ناهێڵن.

لە کاتێکدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندین جار دووپاتیکردووەتەوە ئەرکی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەیان کۆتایی هاتووە، بەڵام پێنتاگۆن ئاشکرای کرد، تاوەکو داعشێک لە عێراق مابێت وڵاتەکە جێ ناهێڵن.

سابرینا سینگ، جێگری گوتەنبێژی پێنتاگۆن بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، تاوەکو هەڕەشەکانی سوپای پاسداران و داعش لە عێراق بەردەوامبن، خۆیان بەهێزتر دەکەن و لە وڵاتەکەش دەمێننەوە.

سابرینا سینگ گوتی، "هەرێمی کوردستانیش لە تەوەری گفتوگۆکانی ئەمریکا و عێرقدا بوو. هەرچەندە هەڕەشەکانی داعش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە؛ بەڵام کۆتای نەهاتووە. وەزیری بەرگریی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی هێرشەکانی ئێران و میلیشیاکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە کرد. وردەکاریی هێزەکانمان باس ناکەم، بەڵام تا هەڕەشەکانی سوپای پاسداران بەردەوام بن ئێمە خۆمان لە عێراق بەهێزتر دەکەین. پابەندین بە پێدانی راهێنان و بەهێزکردنی هێزە عێراقییەکان لەناویشیاندا پێشمەرگە. دووپاتی دەکەمەوە تا هەڕەشەکانی داعش بەردەوام بن ئێمە هێزەکانمان لەعێراق بەردەم دەبن."

سەبارەت بە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی شاندی حکوومەتی عێراق و بەرپرسانی ئەمەریکا، گوتەبێژی هەرێمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بۆ کوردستان24 دەڵێت، ئەمەریکا شانبەشەنی عێراق پەیوەندیشی لەگەڵ هەرێمی کوردسیان هەیە و لە کۆبوونەوەکانیش گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە.

ساموێل وۆربێرگ، گوته‌بێژی هه‌رێمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا گوتی، "ئەمەریکا پەیوەندی لەگەڵ عێراق و حکوومەتی فیدراڵی هەیە، لە هەمان کاتیشدا پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێـمی کوردستاندا هەیە، ئەم رەهەندەش هەمیشە بەشێکی گرنگی پەیوەندییە مێژووییەکانمان بووە. بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشدارییان لە سەرجەم کۆبوونەوەکان کردووە و لە کۆبوونەوەکان تاوتوێی چەند بابەتێکی پەیوەست بە پێوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کراوە".

چەندجارێک ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، پشتیوانیان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوکەری ئەو پەیوەندییە 360 پلەیە لەگەڵ عێراق هەیانە؛ چونکە لەڕووی ئابووری و ئەمنیشەوە کورد هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکایە و لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعش پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمەریکا شانبەشانی یەکدی شەڕیان کرد.