حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر بازاڕی له‌نگه‌ نۆژەن دەكرێتەوە

K24 - هەولێر:

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌، لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر بازاڕی له‌نگه‌ نۆژەن دەكرێتەوە.

به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمانگه‌ی مێدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دوای ئەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر لە 8 ی 4 ی 2024 ئاگری گرت و چەندان دوكان زیانیان بەركەوت، لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە.

جێگری پارێزگاری هەولێر، ئەندازیار مەسعوود محەممەد كاڕەش، بە فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی ڕاگەیاند، لە دوای سووتانی یەكەمی بازاڕی لەنگەی هەولێر لە 27 ی 2 ی 2024، دەستوبرد پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگیی دامودەزگاكانی دیكە كەوتە نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە و تا ئێستا 95%ی سیستەمی كارەبا و ئاو و بنمیچی بازاڕەكە چاك كراونەتەوە.

گوتیشی: "لە دوای گڕگرتنی دووەمی بازاڕی لەنگە لە 8 ی 4 ی 2024، پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە دەستی پێ كردووەتەوە و بە زووترین كات بازاڕەكە لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە و بۆ كاركردنی كاسبكاران ئاسایی دەكرێتەوە.

لە 8 ی 4 ی 2024، ئاگرێك لە بازاڕی لەنگەی هەولێر كەوتەوە و هێزەكانی بەرگریی شارستانی بە ماوەیەكی كەم ئاگره‌كه‌یان كۆنترۆڵ كرد و دوای ڕووداوەكە پارێزگای هەولێر و قایمقامییەتی هەولێر دەستیان بە نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە كردووە.