ئیحسان عه‌لی: هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە

ئیحسان عه‌لی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی
ئیحسان عه‌لی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی

K24 – هەولێر:

ئه‌ندامێکی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، ئاماژە بەوە دەکات، هیچ لایەنێك لە هەرێم دژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نییە، بەڵام تێبینی لە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەیە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت و هەوڵێكیش بۆ دواخستنی هەیە.

ئیحسان عه‌لی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ناوچەكە بە قەیرانێكی گەورەدا تێ دەپەڕێت و پێویستە هەموو لایەنەكان یەكڕیز بن، هەروەها دەبێت ئەو یەکڕیزییە بە کرداری بێت و نەک تەنیا قسە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت: بەرپرسیارێتیی هەمووانە ئەم ئەزموونەی هەرێمی کوردستان بپارێزن، چونکە بە خوێنی شەهیدان بەدەست هاتووە. ئیحسان عه‌لی، ئاماژەی بەوەدا، بە گفتوگۆی لایەنەكان كێشەكان چارە دەبن، بەڵام زۆرێك لە بەرپرسان بەرژەوەندیی حزبییان بەلاوە گرنگە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی، باسی لەوە کرد، پێویستە كێشەكان بە گفتوگۆ و سازان یەكلا بكرێنەوە، هەروەها ئێمە وەکو بزووتنەوە لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵكدا قوربانیمان داوە. ناوبراو دووپاتی دەکاتەوە، بە تەبایی كێشەی هاووڵاتییان چارە دەبێت، هەروەها سەرۆك بارزانی دەتوانێت لایەنەكان كۆ بكاتەوە.

ئیحسان عه‌لی، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، پارتی و یەكێتی دەتوانن بە ڕێككەوتن گرفتەكانی نێوانیان چارە بكەن، بەڵام لە کاتێکی وەک ئێستا پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە هەموو شتێك گرنگترە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی: هیچ لایەنێك لە هەرێم دژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نییە، بەڵام تێبینی لە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەیە. جەختی لەوە کردەوە، بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت و هەوڵێكیش بۆ دواخستنی هەیە.

ئیحسان عه‌لی، لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئاشکرای کرد، پەیوەندییەكانیان لە ئاستێكی باشدا نییە و، حكوومەتی عێراقیش تا ئێستا لە ئاست خواستی كوردا نەبووە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئاماژەی بەوەشدا، لە عێراق كار لەسەر بچوككردنەوەی كورد دەكرێت، هەروەها ناتەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان كاریگەری لەسەر پێگەی كورد هەبووە لە عێراق.

ئیحسان عه‌لی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، كلیلی چارەی كێشەكانی هەرێم و بەغدا لە ئێرانە، چونکە تاران كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی هەیە و دەشتوانێت کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارە بکات.