سەرۆکی ڕێکخراوی ئۆنروا هۆشداری دەدات لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە

K24 - هەولێر

سەرۆکی رێکخراوی ئۆنروا هۆشداریدا سەبارەت بە پلانی بەشێک لە وڵاتان بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە و رایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی ئۆنروا 500 هەزار منداڵی غەززە بۆ هەمیشەیی لە خوێندن بێبەش دەکات.

فلیپی لازارینی سەرۆکی رێکخراوی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین "ئۆنروا" ڕایگەیاند، ئۆنروا بڕبڕەی پشتی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانە لەغەززە، خەڵکی ئەو ناوچەیە ناتوانن بەبێ ئۆنروا درێژە بە ژیان بدەن.

هەڵوەشاندنەوەی ئۆنروا دانیشتوانی غەززە دەخاتە بەردەم دێوەزمەی کوشندەی برسێتییەوە، ملیۆنان دانیشتووی غەززە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەش دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوەشاندنەوەی ئۆنروا دەبێتە هۆکاری دابڕانی 500 هەزار کوڕ و کچی غەززە لەخوێندن بەشێوەیەکی هەمیشەیی.

سەرۆکی رێکخراوی ئۆنروا دەشلێت: نەچوونی نەوەی داهاتوو بۆ قوتابخانە، وادەکات توندوتیژی بەردەوام لەناوچەکە بوونی هەبێت و نەوەیەک لە نەزانین دا بمێننەوە.