پیاوێکی سووری لە شاری مەدینە مرد کە 40 ساڵە بەخۆڕایی چا و قاوە و خورما پێشکەشی زیارەتکاران دەکات

حاجی ئیسماعیل
حاجی ئیسماعیل

K24 - هەولێر

پیاوێکی بەتەمەنی سووری کە بە "ئەبولسیباع" ناسراوە و ماوەی چوار دەیەیە لە شاری مەدینە چاو قاوە و خورما بەخۆڕایی پێشکەشی زیارەتکارانی مزگەوتی نەبەوی دەکات، لە تەمەنی 95 ساڵیدا مرد.

حاجی ئیسماعیل زەعیم، ناسراو بە "ئەبولسیباع"، بە دەستپێشخەرییە مرۆییەکانی خۆی، چا و قاوە و خورمای بەسەر میوانانی خوا و زیارەتکارانی مزگەوتی "نەبەوی شەریف" بە خۆڕایی وەکو خێرێکی بەردەوام پێشکەش دەرکرد، ڕووخسارێکی ناسراو بوو بۆ خەڵک و زیارەتکارانی شاری مەدینە.

حاجی ئیسماعیل سووری لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە مزگەوتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەربێت) نوێژی مردووی لەسەر کرا.

لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا واتە 40 ساڵە، ئەبو سەباع، خووی بەوە گرتبوو کە لەسەر کورسییەکی پلاستیک لە نزیک مزگەوتی نەبەوی شەریف، دادنیشت و مێزێکی لەبەردەمیدا بوو، کە شیرینی و خورما و  چا و قاوەی لەسەر بوو.

بەگوێرەی میدیاکانی سووریا، شێخ ئیسماعیل زەعیم، کە خەڵکی شاری حەمایە، زیاتر لە 50 ساڵ لەمەوبەر لە سعوودیە نیشتەجێبووە، لە ماوەی مانەوەی لە مەدینەدا، بە کارە خێرخوازییەکانی و دابەشکردنی چا و قاوە و شیر و خورما بۆ حاجیان و عومرەکاران ناسرا، کە هەموو ڕۆژێک بە خۆڕایی و بێ ماندووبوون دابەشی دەکرد.

ئەو پیاوە بەساڵاچووە سورییە پێشتر بۆ میدیاکانی سعوودیە گوتبووی، لەماوەی 40 ساڵێ ڕابردوودا هەرچی دابەشی کردووە بەخۆڕایی و لەپێناو خوادا بووە، بەبێ ئەوەی هیچ قەرەبوویەکی دارایی لە هیچ کەسێک وەربگرێت و ئەو ئایەتەی خودای مەزنی دەگوتەوە کە دەفەرمووێ: "إنما نطعمكم لوجه الله لا نريد منكم جزاء ولا شكوراً".