تورکیا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی خۆی لە لوبنان

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە لوبنان، لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و نەچوونە هەندێک ناوچە لە ئەنجامی ئەو پێشهاتانەی ناوچەکە، کە کاریگەرییان لەسەر لوبنان هەیە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ژێر کاریگەری دوایین پێشهاتەکانی لوبنان، هۆشداری دەدەینە هاووڵاتییانمان لە لوبنان، کە بە هیچ شێوەیەک سەردانی پارێزگای نەبتیە، باشووری لوبنان، بیقاع، و بەعلبەک-هرمل، نەکەن ​​جگە لە کاری زۆر پێویست.

وەزارەتەکە جەختیشی کردەوە لە بەدواداچوونی پێشهاتەکان لە ڕێگەی پێگە فەرمییەکان و هەژمارە سۆشیال میدیاییەکانی وەزارەت و باڵیۆزخانەی تورکیاوە دەکەین. هەروەها ژمارە تەلەفۆن بۆ پەیوەندیکردن بە باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەیروت لە بارودۆخی نائاساییدا دانراوە.

دوای ئەو گرژییانەی لە کۆتایی هەفتەدا ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئێران سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، لە یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، لە کاردانەوە بە بۆردومانی باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق لە یەکەی نیسان بوو.

تورکیا ئیسرائیلی بە بەرپرسیارزانی لە پەرەسەندنی گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرکردایەتی ئیسرائیل بەتەنها بەرپرسیارێتی زۆربوونی کێشەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەیان لە ئەستۆ دەگرن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل هەوڵدەدات ململانێیەکی ناوچەیی دروست بکات .

سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی کەرتی غەززە زیاتر لە شەش مانگ لەمەوبەر ڕۆژانە ئاڵوگۆڕی بۆردومان هەبوو.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.