وریا قەرەداغی: پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت

وریا قەرەداغی، شرۆڤەکاری سیاسی
وریا قەرەداغی، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، زۆرینەی وڵاتە عەرەبییەکان لەگەڵ ئەمەریکادان و پێان باشە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران.

وریا قەرەداغی، شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، دوای 400 مووشەکەکەی ئێران کە ئاراستەی ئیسرائیلی کرد، چرایەکی سەوزە بۆ ئیسرائیل و سوودی لێ وەردەگرێت، بۆ ئەوەی وڵاتانی جیهان دژی ئێران هان بدات.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ڕاشیگەیاد، پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت، ئەگەر ئێران جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل ئەوە هەموو وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکەن.

وریا قەرەداغی، ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا نایەوێت ئالنگارییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل درێژە بکێشێت چونکە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمەریکا گرنگە و دەیەوێت لەمەودوا لەگەڵ ئێران جەنگ نەمێنیت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، دەڵێت: زۆرینەی وڵاتە عەرەبییەکان لەگەڵ ئەمەریکادان و پێان باشە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، چونکە ئەو وڵاتانە ئێران بە هەڕەشە بەسەر خۆیان هەژمار کردووە.