پۆلیسی فەرەنسا هێرشکەرەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئێرانی دەستگیرکرد

گەمارۆدانی باڵەخانەی کونسولخانەی ئێران لە پاریس
گەمارۆدانی باڵەخانەی کونسولخانەی ئێران لە پاریس

K24 – هەولێر

پۆلیسی پاریس دەستگیرکردنی هێرشکەرەکەی سەر کونسولگەری ئێرانی لە پاریس ڕاگەیاند، کە پشتێنەکەی بۆمبڕێژکراوی بەست بووە و جانتایەکی تەقەمەنیشی پێبووە.

ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی بڵاوی کردووتەوە، هێزێکی تایبەتی پۆلیسی پاریس هێرشکەرەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە بۆ لێکۆڵینەوە، هاوکات هەڵمەتی پشکنینی باڵەخانەکانی دەوروبەری کونسوڵخانەکەشیان دەست پێکردووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ مەترسیی و هەڕەشەیەکی دیکە نییە.

لەلایەن خۆیانەوە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئێران بڵاویان کردووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی 19ی نیسانی 2024 هاووڵاتییەکی بەڕەچەڵەک ئێرانی هەڵیکوتاوەتەوە سەر کونسوڵخانەی ئێران و هەڕەشەی خۆتەقاندنەوە دەکات، گوایە پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراوی بەستووە، بەڵام دوای ئەوەی پۆلیسی پۆلیسی فەرەنسا گەمارۆی باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێرانیان دا و تەواوی ڕیگەکانی دەوروبەریشیان داخست، چوونە نیو باڵەخانەکە و هێرشکەرەکەیان دەستگیرکرد.

هەروەها چەند سەرچاوەیەکیش بڵاویانکردووەتەوە، گوایە هێرشکەرەکە چەند نارنجۆکێکی پێبووە نەک پشتێنەی بۆمبڕێژکراو.

هەر بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە، هێڵی گواستنەوەی گشتیی و هێڵی شەشی میترۆی پاریس داخراوە، بەڵام تا وەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی هۆکارەکانی ئەو هێرشە تاکە کەسییە بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە پاریس ئاشکرا نەکراوە.