ئیخلاس دلێمی: سێ مووچەی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت

ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، بە دڵنیاییەوە سێ مووچەی مووچەخۆرانی ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، بەڵام رەنگە کەمێک دوابکەوێت، دوای گەڕانەوەی شاندی حکوومەتی عێراق لە واشنتن رەنگە پێداچوونەوە بەو بابەتە بکرێت.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی ئامادەکردووە و بڕیارە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ وەزارەتی دارایی عیراق بنێردرێت و بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لەنێو هەفتەی داهاتوودا ڕێکارەکانی ناردنی مووچە دەستپێدەکات

بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، وەزارەتی دارایی پابەندە بەناردنی مووچە لەکاتی خۆیدا، بەڵام پرسیاری مووچەخۆران لەبارەی ئەو سێ مووچە نەدراوەی ساڵی رابردووە، لەوبارەوە ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت:"رەنگە ناردنی ئەو سێ مووچەیە کەمێک دوابکەوێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەنێردرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە وەزارەتی دارایی و حکومەتی عێراق کردووە ئەو سێ مووچەیەی ساڵی رابردووی فەرمانبەران خەرجبکات، ئەمە پێویستی بەگفتوگۆ و لێکتێگەشتن هەیە، بۆیە لەدوای گەڕانەوەی شاندی عێراق پێداچوونەوە بەم بابەتە دەکرێت".

لەدوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا، ئێستا لەنێو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانیش ئەو دژایەتیەی کە پێشووتر بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران هەبوو، ڕوواوەتەوە و دەڵێن دەبێت مووچەی فەرمانبەران لەناکۆکییە سیاسییەکان دووربخرێتەوە و هیچ گرفتێکیش لەبەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەران نەماوە

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد: "حکومەتی عێراق پابەندە بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەمەرجێک پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆران بکرێت، وەکو ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە، بۆیە حکومەتی عێراق بۆ ئەم مانگەش هاوشێوەی سێ مانگی رابردوو مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت

وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان پێویستی بە 953 ملیار دینارە ئەگەر بۆ مانگەکانی داهاتوو لیستی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران کۆتایی بێت ئەوا پێویستی بە نزیکەی 100 ملیار دیناری دیکە دەبێت بۆ دابەشکردنی مووچە.