لەبەر ڕەنگە سەوزەکەی، ڕەخنە لە واتسئاپ دەگیرێت

K24 - هەولێر

دوو ڕۆژە كۆمپانیای مێتا، خاوەنی واتسئاپ، لەجێی ڕەنگە سەوزە ماتەكە، سەوزێكی بریقەداری بۆ نیشانەی ئۆنلاین و مایك و نیشانە سەرەكییەكانی تر داناوە، ئەمەش بێزاری لەناو بەكارهێنەراندا دروست كردووە.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بە تایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی X هەڵمەتێكیان دژی واتسئاپ  دەست پێ کردووە و داوا دەكەن دۆخەكە وەك خۆی لێ بكرێتەوە. یەكێك لە بەکارهێنەرانی واتساپ نووسیویەتی: "ئێمە نامانەوێت هیچی لێ بگۆڕن، تكایە لێمان بگەڕێن وەك خۆی بێت."

وێڕای ئەوەی وا دەردەكەوێت، تەنیا گۆڕانێكی سادەی دیزاین بێت، بەڵام لای بەكارهێنەران بە بێزاركەر ناو دەبرێت.

كۆمپانیا مێتا، بەردەوام بۆ ئەوەی سەرنجی بەكارهێنەرانی ڕابكێشێت، هەوڵ دەدات گۆڕان لە دیزاینی بەرنامەکانیدا بكات، بەڵام زۆر جاری وا هەبووە كەس لێی ڕازی نەبووە و دواتر بەکارهێنەرانی لەسەری ڕاهاتوون.