ڕۆمانی "فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکی" لە سێ زمانی بیانییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بڵاوکرایەوە

K24 - هەولێر

ڕۆمانی "فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکی" کە لە وەرگێڕانی ڕەند زارعییە و ئەم بەرهەمەی لە ڕووی سێ زمانی نەرویجی، فارسی و ئینگلیزی وەرگێڕاوە و بە هەزاران پەند و ئیدیۆمی کوردی لەم دەقەی خزاندووە کە خوێنەر هەست ناکات ئەم دەقە وەرگێڕانە.

نووسەر و وەرگێڕ ڕەند زارعی، دەربارەی وەرگێڕانی ئەو ڕۆمانە نوێیەی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەم کتێبە یەک لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی دۆستۆیۆڤسکییە، لەبەر ئەوەی وەک جۆرێک دانپێدانان و باسکردنی ئەو ئازارانەیە کە نووسەر خۆی لە سەردەمی منداڵیدا چەشتوونی. جگە لەوەی کە ئەم ڕۆمانەی لە کاتێکدا نووسیووە کە لە ناوەڕاستی ڕۆمانەکەدا کوڕەکەی دەمرێت و پارەی نییە کە هەقی کفن و دفنەکەی بدات تا لە گۆڕستان بینێژن. بۆیەش ناچار دەبێ پێشوەختە ئەم ڕۆمانەی بە (چاپەمەنییەک) بفرۆشێ تا پارەی ناشتنی کوڕەکەی بدات بە خاوەنی گۆڕستانەکە. دۆستۆیۆڤسکی نامەیەک بۆ کەسێکی نزیکی دەنووسێ و دەڵێ: بە تەمابووم بۆ دڵی خۆم ڕۆمانێک بنووسم (مەبەستی ئەم ڕۆمانەیە)، بەڵام قورسی ژیان لێ نەگەڕا و ناچار بووم ئەمیش بە پەلە بنووسم.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆیەش دەبینی هەتا ناوەڕاستی ڕۆمانەکە نووسەر بە بەرزترین و هەستیارترین شێوە دەقی ڕۆمانەکەی داڕشتووە، کە ئەگەر بیتوانیبووایە بە دڵی خۆی بەردەوام بێ لە نووسین، بێگومان ئەم بەرهەمە یەکێک لەو شاکارە ئەدەبییە دەگمەنانە دەبوو. وەک دەزانین دۆستۆیۆڤسکی بە داڕێژەی قوتابخانەی بوونناسی (ئێگزیستانسیالیزم) و هەروەها بە یەکێک لە کاریگەرترین نووسەرەکان لە بواری دەروونشیکاریدا ناسراوە، هەربۆیەش لەم ڕۆمانەدا بە تەواوەتی و بەبێ هیچ درێژدادڕییەک هەتا ناوەڕاستی ڕۆمانەکە ئەم دوو تەوەرە دەخاتە بەرامبەر یەک و شەڕ و ململانێی نێوان ئەوین و هونەر، ویژدان و ڕاستەقینە و پەروەردە و چارەنووس دەخاتە بەرامبەر یەک و بە جۆرێک خوێنەر ڕادەکێشێ کە خوێنەر بەبێ ئەوەی بە دەست خۆی بێ فرمێسک لە چاویدا قەتیس دەبن.

باسی لەوەش کرد، کاتێک ئەم ڕۆمانەم خوێندەوە، ئێوارەیەک دەستم بە خوێندنەوەی کرد و هەتا بەیانی ڕۆژی دواتر نەمتوانی داینێم. کاتێک لە خوێندنەوەی بوومەوە لە سەفەر بووم. بە پەلە هەر ئەو ڕۆژە گەڕامەوە و دەستم بە وەرگێڕانی کرد.