لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا 34 تۆمەتباری قۆڵبڕین دەستگیر کران

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، دەستگیرکردنی 34 کەسی بە تۆمەتی فێڵکردن لە خەڵک و تاوانکاریی، لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا ڕاگەیاند.

وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "ئێکس" بڵاوی کردووەتەوە لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنی مەخزەن-30 لە هەریەک لە شارەکانی باتمان، جوڵەمێرگ، وان و ماردینی باکووری کودستان و شارەکانی ئادانا، مەرسین، ئایدن و ئیزمیری تورکیا، ڕێکخراوێکی تاوانکاری بەناوی "ئۆداجیڵار" هەڵوەشێنرانەوە و  34 کەس بە تۆمەتی فێڵکردن لە خەڵک و تاوانکاری دەستگیر کران.

هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر بڕی 34 ملیۆن و 530 هەزار لیرەدا گیراوە کە بە فێڵ و قۆڵبڕی لە 18 هەزار و 635 کەس وەریان گرتبووە و خستبوویانە سەر هەزار و 283 هەژماری بانکییەوە. هەروەها دەمانچەیەکی بێمۆڵەت و ژمارەیەکی زۆر مۆبایل و سیمکارت و کارتی بانکی و کرێدت و ژمارەیەکی زۆر ئامێری دیجیتاڵیش دەستی بەسەردا گیراوە.