غانم عابد: ته‌قینه‌وه‌كه‌ی بابل گرژییه‌كانی عێراق ئاڵۆزتر ده‌كات

غانم عابد، شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازیی
غانم عابد، شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازیی

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایگەیاند، لیدوانەکانی بەرپرسە باڵاکانی عێراق دژ بەیەکن و بەشێک لە ڕاستییەکانی ڕووداوەکەش ون بووە.

ئەمڕۆ شەممە، 20ـی نیسانی 2024، غانم عابد، شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازیی، لە میانی گەشتێکی ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەو ڕووداوەی بابل کە دوێنێ شەو ڕووی داوە، تێیدا بەشێک لە ڕاستییەکان ون بووە. ئەویش لێدوانی دژ بەیەک هەیە لەبارەی ئەم پرسە، لایەنەکان قسەی جیاواز دەکەن.

بەگوتەی ئەو شرۆڤەکارە، "ئەگەر باسی ڕووداوەکان بکەین بەتایبەت شانەی ئەمنیی عێراق، باس لەوە دەکات، بەجۆرێک لە جۆرەکان نهێنییەک لەم ڕووداوەدا هەیە. بۆیە نازانرێت ئاگر کەوتووەتەوە یاخود تەقینەوە بووە. ڕوون نەکراوەتەوە تەقینەوەکە یان ڕووداوەکە چۆن بووە."

شرۆڤەکارەکە ڕایگەیاند، "ئەمەریکا بەشێوەیەکی ڕوون گوتوویەتی هیچ هێرشێکی ئاسمانی نەکردووەتە سەر عێراق و هیچ پەیوەندییەکمان بەو هێرشەی دوێنێ شەوی عێراقەوە نییە." لای خۆیەوە، ئیسرائیلیش لەڕێگەی یەکێک لە بەرپرسەکانییەوە ڕایگەیاندووە، "هیچ هێرشێکی نەکردووەتە سەر عێراق". بەشێک لە قسەکانی موهەنەد عەنەزی، سەرۆکی لیجنەی ئەمنیی پارێزگای بابل هەیە و ڕایگەیاندووە، " پێش ئەوەی هێرشەکە بکرێت کۆمەڵێک فڕۆکەی جەنگی و درۆن لە ئاسمانی بابلدا سووڕاونەتەوە."

ئەو دەڵێت: "لیجنەکەی بابل پێیان وایە، ڕەنگە فڕۆکەی جەنگی یاخود درۆن ئەو هێرشەی کردبێت، هەندێکی دیکەش پێیان وایە کە مووشەک بووە"، دەبینی لە قسەکاندا دژ بەیەکی هەیە و ڕاستییەک لەم نێوەندەدا ون بووە."

گوتیشی: "من پێموایە ئەم قسانەی لەسەر ڕووداوەکەی بابل دەگوترێ، کێشەیەکی گەورە بۆ عێراق دروست دەکات".

غانم عابد دەشڵێت: "تا ئێستە نازانین ئەوەی ڕووی داوە چییە؟ ڕەنگە تەقینەوەیەکی ناوخۆی بێت، چونکە ئەو ناوچەی ڕووداوەکەی تێیدا قەماوە، داخراوە. تەنیا حەشەدی شەعبی و پۆلیسی عێراقی دەچنە ئەو ناوچە. ناوچەکە لە ژێردەستی حەشەدی شەعبیدایە، ڕەنگە کارگەی دروستکردنی چەکی لێ بێت، ئەوەش وامان لێدەکات وا بیر بکەینەوە کە هیچ هێرشێک لە دەرەوە نەکراوە."

ڕاشیگەیاند، "کاردانەوەی زۆر هەیە سەبارەت بەم پرسە، بۆ نموونە ئەبو ئالائی وەلائی، باس لەوە دەکات هەر کەسێک لە پشتی هێرشەکەوە بێت، وەڵامی دەدرێتەوە و باجەکەشی دەدات. ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەم پرسە پرسێکی ئەمنییە و پەیوەندیی بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامییەوە هەیە."