ئەحمەد سالار: 40 کتێب 39 شانۆنامەم نووسیوە

K24 - هەولێر

شانۆکار و نووسەری کورد، ئەحمەد سالار دەڵێت: ئەم پێشانگەیە دیاردەیەکی شارستانی و جیهانیە، من لە مناڵیەوە سەوداسەری کتێب بووم، هەروەها 40 کتێب و 39 شانۆنامەم نووسیوە.

شانۆکار و نووسەری کورد، ئەحمەد سالار، لە ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24، لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب ڕایگەیاند، ئەم پێشانگەیە دیاردەیەکی شارستانی و جیهانیە کە پایتەختەکەمان شایستەی ئەوەیە بۆنەی ئاوای تێدا بێت.

ئەحمەد سالار ئاماژەی بەوەش کرد، "من لە مناڵیەوە سەوداسەری کتێب بووم، لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و ئاینپەروەر بووم، کە کتێب دیکۆر و ئێکسسواری ماڵەکەمان بووە"، دەشڵێت، باپیرم، مەلا ئەحمەدی قوربانی، زانایەکی ئاینیی گەورە بووە و هەموو ڕەفەکانی ماڵی کتێب بوو.

دەشڵێت: کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆ کە گەورەترین کتێبخانە بوو لە بەغدا، ڕۆژانە ئەچوومە ئەوێ هەرچ کتێبێک پەیوەندی بە شانۆ و هونەر و کەلەپورەوە هەبوو دەمخوێندنەوە، گوتیشی: من کتێبخانەیەکی گەورەم هەیە کە 20 هەزار کتێبی تێدایە و هەمووشیان دانسقەن.

ئەو شانۆکارە باسی لەوەش کرد، کتێب بەشێکی گرنگە لە ژیانی من، هەروەها 40 کتێبی چاپکراویشم هەیە، 39 شانۆشم نووسیوە، و کتێبە مەنهەجییەکانی پەیمانگا و کۆلێجی هونەرە جوانەکان من نووسیومە، بۆ ئەوەی بە زمانی کوردی لەبەردەستی خوێنەراندا بن.

ئەحمەد سالار، ڕاشیگەیاند، لەو 39 شانۆنامەیەی کە نووسیومە، 36 یان نمایش کراوە، هەروەها شێوازێکی تایبەت بەخۆم هەیە لە نووسینی شانۆییدا، کە شانۆیی ئاهەنگسازیی پێ دەڵێن.