‌هاندەرانی بارسیلۆنا پێشوازیەکی سارد و سڕ لە کلاسیکۆ دەکەن

هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا
هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا

هاندەرانی یانەی بارسیلۆنا پێشوازیەکی گەورە لە یاریی یانەکەیان بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید ناکەن. هەروەها ژمارەیەکی کەم لە هاندەرانی ئەو یانەیە، بلیتی یارییەکەیان کڕیووە.

بڕیارە سبەی یەکشەممە کاتژمێر 22:00 بە کاتی هەولێر، هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و بارسیلۆنا، لە یاریی کلاسیکۆ و لە گەڕی 32 لالیگا، لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ڕووبەڕووی یەکتری ببنەوە، بۆ ئەم یارییە ژمارەیەکی کەم لە هاندەرانی یانە کەتەلۆنیەکە، بلیتی یارییەکەیان کڕیوە، ئەمیش بەهۆی بەرزی نرخی بلیتەکان، هەربۆیەش یانەکە هیچ پاس و ئامێرێکی گواستنەوەی بۆ هاندەرانی یانەکەی ئامادە نەکردووە.

چەند ڕۆژێکە هاندەرانی بارسا هەڵمەتی بایکۆتی یارییەکەیان ڕاگەیاندووە، ئەویش بەهۆی بەرزی نرخی بلیتی یارییەکە، کە هەرزانترینی 125 یۆرۆیە و گرانترینیش 445 یۆرۆیە و نزیکەی 4 هەزاریش بلیتیش بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە تەرخان کراوە.

بارسیلۆنا پێش ئەم یارییە بە کۆکردنەوەی 70 خاڵ لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی لالیگا دێت، لە بەرامبەردا ڕیاڵ مەدرید خاوەنی 78 خاڵە و بە جیاوازی 8 خاڵ، لە پێشەنگی خولەکەدایە.