باندە مافیاییەکانی لوبنان کۆنترۆڵی سنوورەکان لەگەڵ سووریا دەکەن

دەروازەی سنووری نێوان لوبنان و سووریا
دەروازەی سنووری نێوان لوبنان و سووریا

K24 - هەولێر

چیرۆکی کوژرانی باسکال سلێمان ڕێکخەری هێزەکانی لوبنان لە 7ـی نیسان، لەلایەن گروپێکەوە کە تەرمەکەیان لە گوندێکی سووریا لە باکووری هەرمەل فڕێ دابوو، کۆتایی نەهاتووە.  زانراوە ڕۆژانە دەیان ئۆتۆمبێلی دزراو لە خاکی لوبنان لە ڕێگەی ئەو دەروازە نایاساییانەی کە لوبنان و سوریا بەیەکەوە دەبەستنەوە لە باکووری هەرمەل بەرەو خاکی سووریا دەپەڕنەوە.

تا ئێستا لوبنان نەیتوانیوە سنوورەکەی لەگەڵ سووریا کۆنترۆڵ بکات، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی باندی تایبەتمەند لە بازرگانانی مادەی هۆشبەر و دروستکردنی حەبی کاپتاگۆن و ڕفاندن و دزین و قاچاخی ئۆتۆمبێل بۆ ناو سووریا، هەروەها بازرگانیی بە مرۆڤ و چەک و دەستدرێژی و ڕفاندنی سووری و لوبنانیەکان لەلایەن چەتەکانەوە لەو گوندانەی لوبنانییەکان تێیدا نیشتەجێن، زۆربەشیان ئەندامی هۆزەکانی ناوچەکەن و پەیوەندی خزمایەتییان لەگەڵ ناوخۆی لوبناندا هەیە.

ئەم شارۆچکانە بە 17 دەروازەی نایاسایی، کە لەلایەن خێڵەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن بە ناوەوەی سووریا و لوبنانەوە گرێدراون و دەروازەکانیش بە ناوی ئەوانەوە ناونراون، وەک: دەروازەی عەلام، دەروازەی حاج حەسەن، دەروازەی ناسرەددین و چەندانی دیکە،  ئەو ناوچانە لە دەرەوەی  کۆنترۆڵی لوبنان و سووریا دان، هەروەها خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی لوبنان ناتوانن دەستیان پێیان بگات تەنها بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمنی سووریا نەبێت و لە هەمان کاتیشدا دوورن لە کۆنترۆڵی ئاسایشی سووریا، بەو پێیەی دانیشتووانیان لوبنانین.

لەو گوندانەدا نزیکەی هەشت هەزار کەس دەژین، بەسەر ئەو گوندانەی سووریادا دابەشکراون کە لوبنانییەکان تێیدا دەژین، لەوانە غۆغران، حوش سەید عەلی، ئەلقەسر، بلوزە، حاویک، جەرماش، ئەلحەمام، ئەلسەفساف، زیتا و ئیبش.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەتی" ڕاگەیاند، ڕێگاکانى قاچاخ و قاچاخچێتى بە مرۆڤ و خۆراک و ئۆتۆمبێلى دزراو، له سووریاوه بۆ لوبنان و به پێچەوانەوه ، لە ڕێگەی ئەو دەروازانەوە بەهەموو ئاراستەکاندا کراوەیە، هەروەها باندەکانی گروپی کاپتاگۆن، و ماددە هۆشبەرەکان و چەک لە ژێر کۆنترۆڵ دەرچوون، و کۆمەڵێک هەن کە بە چەکەکانیانەوە لەناو ئەم گوندانەدا هاتوچۆ دەکەن، جوڵەی دەروازەی سنووری موتەریبە، لە باکووری هەرمەل، کەم بووەتەوە و هاتووچۆی ڕۆژانە لە نێوان 30 بۆ 35 کەس لە هەردوو ئاراستەدا تۆمار کراوە.