سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ واشنتن هێنا

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک، وەزیر و بەرپرسانی ئەمەریکا، سوودانی تاوتوێی کاراکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و چاکسازیی لە کەرتی دارایی و بانکییدا کرد، دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەشی، سوودانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیی رایگەیاند، جەختمان لە وەرچەرخانی پێوەندییەکانمان و چارەسەرکردنی کێشەی بانکەکان کردووتەوە.

سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا بۆ تاوتوێکردنی دوو تەوەری سەرەکی بوو، تەوەری یەکەم پەیوەندی بە وەرچەرخانی پەیوەندییەکان و کاراکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی هەبوو. بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی ئەمەریکا، وەزیری دەرەوە، ناوخۆ و وەزیری بەرگری ئەمەریکا کۆبووەوە.

دوای کۆتاییهێنان بە سەردانەکەی سوودانی، وێڕای سوپاسکردنی کەناڵە کوردی و عێراقییەکان رایگەیاند، لەگەڵ ئەمەریکا جەختمان لە گشتگیرکردنی پەیوەندییەکانمان کردووەتەوە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی سوودانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، سزای سەر بانکە عێراقییەکان بوو، بەشێوەیەک عێراق خوازیارە ئەو بانکانەی لە دۆلار بێبەشکراون و سزاکانیان هەڵبگیرێت، بۆ ئەو مەبستەش شاندی عێراقی وێڕای کۆبوونەوەی لەگەڵ بریکاری وەزیری گەنجینە چەندین کۆبوونەوەی دیکەیان ئەنجامداوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەوبارەیەوە دەڵێت، تێبینی و سەرنجەکانی ئەمەریکا لەسەر بانکەکان؛ پەیوەندی بە حکوومەتەکانی رابردووەوە هەیە، بەڵام گەیشتووین بە چەند چارەسەرێک بۆ ئەوەی سزاکان هەڵبگیرێن.

سەردانەکی سوودانی بۆ واشنتن شەش رۆژی خایاند،  بڕیارە لە ماوەی داهاتوو میکانیزمەکانی کاراکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و لابردنی سزای سەر بانکە عێراقییەکان دیاری بکرێن.