گرووپێکی گەشتیاریی ئیسپانیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد

گرووپێکی گەشتیاری ئیسپانیا
گرووپێکی گەشتیاری ئیسپانیا

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ئەمساڵ شاندێکی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان بەشداریان لە پێشانگایەکی گەشتیاری ئیسپانیدا کرد، پاشان گرووپێکی گەشتیاریی ئیسپانیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و بۆ بینین دیمەنەکانی هەولێر چوونە سەر قەڵا، یەکێک لە گەشتیارەکان دەڵێت: لێرە فێری کولتووری کوردی بووین و زۆر بەلامەوە جوانە.

گرووپێکی  گەشتیاری 12 کەسی کە لە ئیسپانیاوە سەردانی  هەرێمی کوردستانیان کردووە. ماری، گەشتیار ، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەندێک شت بە گشتی دەربارەی کوردستان دەزانم، ئەوەش دڵخۆشکەرە کە لێرەم، حەز دەکەم زیاتر دەربارەی کوردستان بزانم".

دوای ئەوەی شاندێکی گەشتیاریی هەرێمی  کوردستان بەشداریان لە پێشانگایەکی گەشتیاری ئیسپانیا کرد لە مەدرید، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئیسپانیا.

بەراورد بە ساڵانی رابردوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان .

لە جیهانەوە گەشتیاران روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن بەتایبەتی شاری هەولێر، یەکەم شوێنیش کە هەموو گەشتیارێک سەردانی دەکات قەڵای هەولێرە، ساڵ بە ساڵیش رێژەی گەشتیار لەم شارەدا بەرز دەبێتەوە بەهۆی بوونی دیمەنی جوان و خزمەتگوزارییەکانیەوە.