بەهۆی پێکدادانی دوو هەلیکۆپتەری ژاپۆنی، سەربازێک مرد و حەوتی دیکەش بزربوون

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگری ژاپۆن ڕایگەیاند، دوو هەلیکۆپتەری سەربازیی ژاپۆن تێکشکان  و لە ئەنجامدا سەبازێک مرد.

مینۆرو کیهارا، وەزیری بەرگری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، درەنگانی ئێوارەی شەممە، دوو هەلیکۆپتەری سەربازیی ژاپۆن پێکیاندا دا و کەوتنە زەریا و لە ئەنجامدا یەکێک لە فڕۆکەوانەکان مردووە و حەوت  سەربازیی دیکەش بزرن.

کیهارا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، ڕەنگە ئەو دوو فڕۆکەیە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دوورگەی تۆریشیما لە زنجیرەی دوورگەکانی ئیزو پەیوەندییان لەدەست دابێت، ئەویش بەهۆی مەشقێکی شەوانەدا دژی ژێرزەریایی لەو ناوچەیە، بەریەک کەوتوون و هەردوکیان تێکشکاون.

گوتیشی: "خزمەتگوزاریی فریاگوزارییە دەریاییەکان پاشماوەی دوو هەلیکۆپتەرەیان دەستنیشان کردووە کە هەریەکەیان چوار سەربازی تێدا بووە."

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری پشتڕاستیشی کردەوە کە یەکێک لە فڕۆکەوانەکان بە مردوویی دۆزرایەوەتەوە و حەوت کەسەکەی دیکەش هێشتا بزرن.

بەپێی زانیارییەکانی هێزی دەریایی، دوو هەلیکۆپتەری جۆریSH-60K   کە دروستکراوی ژاپۆنن سەر بە هێزەکانی بەرگری دەریایین،بەریەک کەوتوون، یەکێکیان تێکشکاوە دوای 25 خولەک ئەوی دیکەش تێکشکاوە.

ساڵێک لەمەوبەر هەلیکۆپتەرێکی سەربازیی ژاپۆنی جۆری UH-60JA لە ناوچەی ئۆکیناوا (باشووری ڕۆژئاوای ژاپۆن) کەوتە ناو زەریاوە و لە ئەنجامدا 10 کەس مردن.