ڤلادمێر زێلێنسکی: دڵخۆشین بە پەسەندکردنی پاکێجێکی 61 ملیار دۆلاری لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە
K24 - هەولێر
سەرۆکی ئۆکرانیا پێشوازیی لە پەسەندکردنی پاکێجێکی 61 ملیار دۆلاری لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە بۆ وڵاتەکەی دەکات و ڕایگەیاند، ماوەیەکی دوور درێژە چاوەڕوانی پەسەندکردنی ئەو پاکێجە دەکەن، ئەو چەکانەشی ئەمەریکا دەیانێرێت دەبنە ڕزگارکەری ژیانی هەزاران کەس.
ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، "ئێمە ئەو بڕیارەمان بەدەست گەیشت کە چاوەڕێمان دەکرد و دڵخۆشین، ئەو پاکێجە سەربازییەی ئەمەریکا بۆ ئێمەی پەسەند کرد ماوەیەکی زۆر بوو شەڕمان لە پێناودا دەکرد."
دەشڵێت: "پاکێجەکە زۆر گرنگە و کاریگەریی گەورەی لەسەر بەرەی شەڕ دەبێت، کاریگەریی لەسەر ئەو شار و شارۆچکانەش دەبێت قوربانی دەستی تیرۆری ڕووسین."
هەروەها گوتیشی: "سوپاس بۆ کۆنگرێس بۆ بڕیاردان لەسەر پاکێجەکە، ئەمە چارەسەرە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک."
لە شوباتی ساڵی 2022، ڕووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا، کە بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کردووە و تاوەکوو ئێستەش شەڕ بەردەوامە و دەیان هەزار کەس کوژراوە و بریندار بوون و بە ملیۆنان هاووڵاتیی ئۆکراینیش ئاوارە بوون.