حکوومەتی عێراق بەشەخۆراک کەم دەکاتەوە

K24 – هەولێر

بەڕێوبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نووسراوێک لە کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک لە بەغداوە هاتووە و بەشە خۆراکی تێیدا کەم کراوەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی نیسانی 2024، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوبەریی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم مانگە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، برنج و دۆشاوی تەماتەیان بە ڕێژەیەکی کەمتر پێ دەدرێت، و ئەم کەمکردنەوەش پەیوەندی نییە بە بریکارەکانی خۆراکەوە.

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "نوسراوێک لە کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک لە بەغداوە هاتووە، تێیدا هاتووە بەشی سێیەمی بەشەخۆراک دابەش دەکرێت، بەڵام گۆڕانی تێدا کراوە و هۆکەشی دیار نییە."

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: "بڕی دوو کیلۆ و نیو برنج دەدرێتە هەر هاووڵاتییەک واتە نیو کیلۆ کەمتر لە مانگەکانی ڕابڕدوو، هاوکات بۆ دۆشاوی تەماتەش ئەم مانگە هەر هاوڵاتییەک یەک قوتو دۆشاوی 800 گرامی پێ دەدرێت، لەبری بەشی سێهەم و چوارەمی خۆراک."

ڕاشیگەیاند، ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە دابەشکردنی بەشە خۆراکی سێیەم دەست پێ دەکات، ئەوەی لەلای وەزارەتی بازرگانی عێراق ناوی لێنراوە بەشی چوارەم، چونکە ئەو بەشە زیادەیەی لە ڕەمەزان بەسەر هاووڵاتییان دابەشکرا لای ئەوان بە مانگێک هەژمار کراوە.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو بەشە خۆراکەی دەدرێت بە هاووڵاتییان پێشتر پشکنینی بۆ دەکرێت لە ڕووی کوالێتییەوە هیچ گرفتێکی نییە و جۆرێکی باشە دابەشی هاووڵاتییان دەکرێت".