ڕاپۆرتێک: سەرچاوەی دارایی حزبوڵڵای لوبنانی لە ڕێگەی ماددە هۆشبەرەکانەوە دابین دەکرێت

K24 - هەولێر

زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی لە فەرەنسا سەرچاوەکانی پارەدارکردنی حزبوڵڵای لوبنانیان ئاشکرا کردووە کە لە ڕێگەی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە و پەیداکردنی نیتراتی ئەمۆنیۆم وەک مادەیەک کە لە دروستکردنی تەقینەوە بەکاردەهێنرێت، دابین دەکرێت.

گۆڤاری "لۆ پۆینت"ـی فەرەنسی ڕاپۆرتێکی لە ژێر ناوی "ملیارەکانی حزبوڵڵا" بڵاو کردەوە، کە باسی لە فراوانبوونی پارتەکە لە ئەوروپا و ئەمەریکای باکوور و سەرچاوەی دارایی و چەکەکانی و کۆنترۆڵکردنی لوبناندا کرد.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەو دراوەی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا بەکاری دەهێنێت، سەرچاوەیەکی دیکەیە بۆ ئەو پارتە، بەپێی ڕاپۆرتەکە، پاراگوای و ئەرجەنتین و بەرازیل سێگۆشەیەکن کە زیاتر لە 30 ساڵە ئەو حزبە تێیدا چالاک بووە.

ڕاپۆرتەکە ئاشکراشی کردووە، سیستمەکە ئاڵۆزە، لە نێوان بڵاوکردنەوەی توندڕەوییەوە تا دەگاتە کردەوەی تیرۆر و گەندەڵی دارایی، لەوانە قاچاخێتی ماددەی هۆشبەر و سپیکردنەوەی پارە، بەتایبەتی لە کۆڵۆمبیا کە نزیکەی 70%ی کۆکاین بۆ جیهان دابین دەکات، تا ئەو ڕادەیەی ئەمڕۆ پارەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر بووەتە دووەم سەرچاوەی سەرەکیی دارایی بۆ ئەو حزبە، ئەمەش دوای ئەو پشتگیرییە داراییە بەرچاوەی کە لەلایەن تارانەوە پێشکەشی کراوە.

بە گوتەی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسیی فەرەنسی، لوک دی بارۆشیز، تۆڕە نهێنییەکانی حزبوڵڵای لوبنانی، پشت بە پێکهاتەکانی ڕەوەندی عەرەب دەبەستن، کە ژمارەیان لە نێوان 12 بۆ18 ملیۆن کەسە لە سەرانسەری کیشوەری ئەمەریکای لاتین.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕەنگە ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە لەلایەن لایەنگرانی ئەو حزبەوە بازرگانییان پێوە دەکرێت، لەناو سندوقی ئەناناس یان باری مۆزدا بشاردرێتەوە، بۆ ئەوەی بەرەو ئەوروپا یان ئەمریکای باکوور بنێردرێت.

هەروەها دەتوانرێت ماددە هۆشبەرەکان بکرێتە خەڵوز، چونکە کیمیاکارە ناوخۆییەکان تەکنیکێکیان پەرەپێداوە بۆ شێواندنی تۆزی سپی و گۆڕینی شێوە و بۆنەکەی، بۆ ئەوەی لەلایەن سەگی پۆلیسی ڕاهێنراوەوە نەدۆزرێتەوە.

لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2021، 43 باری خەڵوز، بۆ لوبنان و وڵاتانی دیکەی عەرەبی گواستراوەتەوە، کە ناوی ئەو ئەندامانەی حزبەکەش ئاشکرا کراوە کە  لە بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان تێوە گلاون.

هەروەها باسیان لە چالاکییەکانی حزبوڵڵای لوبنانی لە ئەمەریکای لاتین و تیرۆرکردنی داواکاری گشتیی پاراگوای "مارسێلۆ پیچی" کردووە لە سالی 2022، کە بەرەنگاری تاوانە ڕێکخراوەکان دەبووەوە.

بە توێژەر و نووسەری فەرەنسی ڕاشێل بەنهاس، کە پسپۆڕە لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت: لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین پشتیوانی بۆ حزبوڵڵا بەهێزە، بەو پێیەی لە ڕووی مێژووییەوە دوژمنایەتی ئەمەریکا دەکەن بەتایبەت لە کوبا و ڤەنزوێلا و نیکاراگوا.