ئەردۆغان دوای 13 ساڵ سەردانی هەولێر و بەغدا دەکات

K24 - هەولێر

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە، سەردانی عێراق دەکات و دەچیتە بەغدا و هەولێر. گوتیشی: ئەمە سەردانێکی دواخراوە و گوتمان هەر کە هەڵبژاردنی تورکیا تەواو بوو سەردانەکە دەکەین. شاندی یاوەری ئەردۆغان پێکهاتووە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری (میت)، ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکان کە هەریەکەیان پێشتر سەردانی بە‌غدا و هەولێریان کردبوو.

بڕیار بوو ئەردۆغان، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو مسەردانی عێراق بکات، بەڵام ئەنقەرە هیچ شتێکی دەربارەی ئەو سەردانە نەگوت، ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە ناکۆکی لەسەر کێشەکانی ئاو و وزە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبوو.

سەرۆککۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند: "لە بەغدا لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە دەکەین، دوای ئەوەش سەردانی هەولێریش دەکەین، لە هەولێریش دەرفەتمان دەبێت کێشەکان تاوتوێ بکەین، هەروەها کێشەکانی پەیوەست بە حکوومەتی ناوەندی، بێگومان ئەمانە بابەتگەلێکن کە لە ژێر چەتری گشتیی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراقیشدا باسیان دەکەین".

تورکیا و عێراق پێشبینی دەکەن پەیوەندییەکانیان لەدوای سەردانەکەی ئەردۆغان بەرەو پێشەوە بچێت، هەروەک پێشبینی دەکرێت، ئەنقەرە و بەغدا ڕێککەوتنێکی ستراتیجی مۆر بکەن، کە لایەنی ئەمنی و ئابووری و گەشەپێدان و هەروەها دۆسیەکانی ئاو و وزە لەخۆ بگرێت .

پرسەکانی ئاو و وزە، هاوکاریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان(PKK) و پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" لە سەرووی کارنامەی گفتوگۆکانی سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق دەبێت.

ئەردۆغان گوتیشی: ئێمە دیراسەی ئەو داواکاریانە دەکەین کە لایەنی عێراقی سەبارەت بە ئاو پێشکەشی کردووە ئێمە هەوڵی چارە کردنی ئەم کێشەیە لەگەڵ ئەوان دەدەین، ئەوان دەیانەوێت ئێمە چارەی بکەین، هەنگاوەکانمان بەم ئاراستەیە دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد: پرسگەلێکی پەیوەست بە هەناردەکردنی غازی سروشتی و نەوت بۆ تورکیا هەیە و هەوڵدەدەین بەهەمان شێوە چارەیان بکەین.

لەو چوارچێوەیەدا، زنجیرەیەک دیداری باڵای ئەمنیی لە ئەنقەرە لە 19ـی کانوونی یەکەم 2023 کرا، دواتر سەردانی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و بەرپرسانی هەواڵگری و ئەمنی هەردوو وڵات، جگە لە سەردانەکانی بەرپرسانی تورکیا بۆ هەولێر. هەروەها سەرکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە، "سەردانەکەی ئەردۆغان گرنگە و ئاسایی نابێت".

ئەنقەرە پێی وایە بەغدا بەو بڕوایە گەیشتووە کە پەکەکە هەڕەشەیە بۆ سەری، هەروەها هەولێریش هەمان هەڵوێستی هەیە.

رۆژی پێنجشەممە، 14-3-2024، هەریەک لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میت سەردانی عێراقیان کرد و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کرد.

یەکەمجارە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، وەک یەکەم سەرۆک لە مێژووی تورکیادا سەردانی عێراق دەکات.

ئەردۆغان لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا و هەولێر دەبێتە یەکەم سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە مێژوودا کە سەردانی هەولێری کردووە. کۆتا جاریش ئەردۆغان کە سەردانی عێراقی کرد لە ساڵی 2011 بوو.