مەسرور بارزانی: حکوومەت هەمیشە یارمەتیدەری ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەبێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 - هەولێر 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دووپات دەکاتەوە و بە پێویستیشی دەزانێت، "میدیاکارانی کوردستان، هەمیشە لە بەرەی نیشتماندا بن". 

ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد مەدحەت بەدرخان و  ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان؛ پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت. 

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا هاتووە، "جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە ڕاگەیاندنکاران لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن لە ڕەخنەگرتن و باسکردنی پێشێلکارییەکان و كەم وكورتی و كەمتەرخەمییەكانی حكوومەت. حکوومەتیش وەک هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەموو لایەک، بتوانین کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر ببەین".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "هیوادارم ڕاگەیاندنکارانی کوردستان، ئامانجی سەرەکییان گەیاندنی ڕاستییەکان و پێشخستنی کوردستان و خزمەتکردنی خەڵک و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بێت".

سەرۆکوەزیران بە پێویستی دەزانێت، "میدیاکارانی کوردستان، هەمیشە لە بەرەی نیشتماندا بن و ڕێگە نەدەن بە ناوی ڕۆژنامەگەرییەوە، سووکایەتی بە بەهاکانی نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بکرێت و نابێت زمانی زبر و دیاردەی ناشرینی ناوزڕاندنی خەڵک بەکار بهێنرێت".

لە کۆتایی پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە، "ڕۆژی ڕۆژنامەوانیی کوردی پیرۆزبێت و لەم یادەدا ، هەموو پشتیوانیی و پشتگیرییەکی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاری ڕاستەقینەی ڕۆژنامەوانیی و ئازادی بیروڕا لە هەرێمی کوردستان دووپات دەکەمەوە".