ڕاپرسییەک: کاندیدانی سەربەخۆ دەنگەکانی بایدن و ترەمپ کەم دەکەنەوە

K24 - هەولێر

ڕاپرسییەکی کەناڵی "NBC" دەری خستووە بەشدارییکردنی کاندیدە سەربەخۆکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، زیان بە کەم کردنەوەی دەنگەکانی جۆو بایدن، کاندیدی دیموکرات و دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان دەگەیەنێت.

لە لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە، هەڵبژاردنی نێوان ئەو دوو کاندیدە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوو، بە دوو خاڵ لەپێش جۆو بایدنەوە بووە بە ڕێژەی 46% بەرامبەر بە 44%، بەڵام ئەنجامەکان دەگۆڕدرێن ئەگەر سێ کاندیدی دیکە بخرێنە کێبڕکێوە و سەر بەو دوو پارتە گەورە نەبن.

لەم حاڵەتەدا بایدن 39% بەدەست دەهێنێت و ترەمپ 37% و ڕۆبەرت کێنێدی جونیۆر، دیموکراتی جیابووەوە 13% و جیل ستین سەرۆکی پارتی سەوز 3% و کۆرنێل وێست، کاندیدێکی دیکەی سەربەخۆ 2% وەردەگرێت.

ڕاپرسییەکە لە 12 تا 16ـی نیسان بە 1000 دەنگدەری تۆمارکراو کراوە.

بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمەریکا لە 5ـی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوە بچێت، سەرۆکی ئێستای دیموکراتەکان جۆ بایدن و هەروەها دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی کۆمارییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی ڕکابەری دەکەن.