ڕەحمان غەریب: ڕۆژنامەنووس دەبێت ڕاستییەکان بگەیەنێت

K24 - هەولێر

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ئازادی فاکتەرێکی هەرە گرنگ بووە بۆ پیشخستنی ڕۆژنامەگەری و نووسین و ئەدەب و هونەر.

ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئازادی فاکتەرێکی هەرە گرنگ بووە بۆ پیشخستنی ڕۆژنامەگەری و نووسین و ئەدەب و هونەر.

ئاماژەی بەوەش کرد، وەکو سەنتەری میترۆ پێمان وایە هێشتا یاسای ڕۆژنامەگەری و یاسای بەدەستهێنانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێن.

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ دەشڵێت: تاوەکو ئێستا توندوتیژیی بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە. بابەتی ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی زۆر گرنگە؛ ئەبێت ڕۆژنامەنووس ڕاستی بڵێت، هەروەها دەزگا میدیاییەکان دەبێت پابەند بن بە گواستنەوەی ڕاستییەکان بەبێ لایەنگیری، وەکو خۆی بیگەیەنن.

ڕاشیگەیاند: ڕۆژنامەنووس چۆن دەیەوێ یاسای ڕۆژنامەنووسی جێبەجێ بکرێت، ئەبێت ئاواش پابەند بێت بەو ئەرکانەی لەسەر شانییەتی، واتە هەم ئەرکمان هەیە و هەم ماف.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی بەڕێوە چوو کە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان ڕێکیان خستبوو.

لە دیدارەکەدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ، سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە هەرێمی كوردستان، کاری میدیایی بە تەواوی ئازادە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕەخساندنی زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادیی ڕادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا.