بەریتانیا لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆچبەران ڕەوانەی ڕواندا دەکات

K24 - هەولێر

ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەڵێنی دا بڕیاری ناردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا  جێبەجێ بکات و ڕایگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا پرۆسەکە دەست پێ دەکەن و یەکەم کاروانی کۆچبەران بەڕێ دەکەن.

سوناک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا بە پرۆسەیەکی دیپۆرتکردن ناوبرد و ڕایگەیاند، یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا لە پەرلەمان لە قۆناغی کۆتایی دایە.

بەڵێنیشیدا لە 10 بۆ 12 هەفتەی داهاتوودا پرۆسەی ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا جێبەجێ دەکەن و حکوومەتیش هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ئەوەی بەم هەنگاوە کۆتایی بە دیاردەی کۆچی نایاسایی بهێنن.

هەروەها ئاماژەی داوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، چەند فڕۆکەخانەیەکیان ئامادە کردووە و فڕۆکەی بازرگانیش بەکرێ گیراون بۆ گواستنەوەی کۆچبەرەکان بەرەو ئەو شوێنانەی دیاری کراون.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە حکوومەتەکەی 500 چاودێری ڕاهێنراوی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی یاوەریی کۆچبەرەکان بکەن تا دەیانگەیەنن بە شوێنی مەبەست، بڕیاریشە لە چەند هەفتەی داهاتوو 300 چاودێری ڕاهێنراوی دیکەش ئامادە بکرێن.