یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ دەبێتە شانۆی یاریی کۆتایی جامی کوردستان

یاریی هەندرێن و سەیدسادق لە پێشكۆتایی جامی كوردستان ـ یاریگەی هەندرێن ـ 20/4/2024
یاریی هەندرێن و سەیدسادق لە پێشكۆتایی جامی كوردستان ـ یاریگەی هەندرێن ـ 20/4/2024

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان كاتی بەڕێوەچوونی یاریی كۆتایی جامی هەرێمی كوردستانی دیاریی كرد و دووپاتیشی كردەوە بڕیارەكەیان ناگۆڕن و یاریی كۆتایی جامەكە لە یاریگەی نێودەوڵەتی یانەی زاخۆ دەكرێت.

لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان، یانەکانی هەندرێن و ئاکرێ بەربەستی یانەكانی سەیدسادق و زاخۆیان بڕی و گەیشتنە یاری کۆتایی جامی كوردستان.

كات و شوێنی یاریی كۆتایی دیاریكرا

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بڕیاریی دا یاریی كۆتایی جامی كوردستان لە رۆژی دووشەممەی داهاتوو كە دەكاتە 29ـی ئەم مانگە لە یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ لە نێوان ئاكرێ و هەندرێن بەڕێوە بچێت، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەم دوو یانەیە لە مێژووی خۆیاندا ئەم جامەیان نەبردووەتەوە.

ئەمساڵ دەبێتە حەوتەمین وەشانی جامی كوردستان

جامی هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی 2006ـەوە بەشێوەیەكی پچڕ پچڕ بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵ دەبێتە حەوتەمین وەشانی جامی هەرێمی كوردستان، لە یەكەمین وەشانی پاڵەوانێتییەكە لە 2007 یانەی ئارارات بووە پاڵەوان، دواتر لە 2011 یانەی زاخۆ لەسەر دەستی سلێمان رەمەزانی راهێنەر جامەكەی بەرز كردەوە.

لە سێیەمین وەشانی پاڵەوانێتییەكە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی نازناوەكەی لە 2013 بردەوە، راستەوخۆ وەرزی دواتر یانەی زێرەڤانی بووە پاڵەوانی جامی كوردستانی 2014.

دوای حەوت ساڵ وەستانی جامی كوردستان، لە 2022 جامی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردەوە و یانەی برایەتی بۆ یەكەمجار نازناوەكەی بەدەستهێنا. وەرزی رابردووش پێشمەرگەی هەولێر لەسەر دەستی سەمیر بابۆی راهێنەر بووە خاوەنی قەڵغانی شەشەمین وەشانی جامی هەرێمی كوردستان.

کۆمەڵێک ئامار لەبارەی جامی کوردستان

لە 16 یاریی ئەم وەرزەی جامی كوردستان 49 گۆڵ تۆمار كراون، ئیسحاق مینسا هێرشبەری یانەی ئاكرێ بە تۆماركردنی چوار گۆڵ لوتكەی گۆڵكارانی جامی كوردستانی گرتووە، یونس عەبد لە یانەی زاخۆ 3 گۆڵی هەیە و یادگار ئیبراهیم سەیدسادق، هاوکار جەمال لە یانەی ڕانیە هەریەكەیان دوو گۆڵیان تۆمارکردووە.

.