سەرۆککۆماری تورکیا کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ هەولێر هێنا

سەرۆککۆماری تورکیا لە هەولێر
سەرۆککۆماری تورکیا لە هەولێر

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا کۆتایی بە سەردانە یەک ڕۆژییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هێنا و گەڕایەوە وڵاتەکەی.

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: کەمێک پێش ئێستا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەولێری پایتەختی بەجێهێشت و گەڕایەوە وڵاتەکەی.

ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024)، دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.

لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

هەریەکە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، ئاڵپارسلان بایرەکتار، وەزیری وزە، عومەر بوڵات، وەزیری بازرگانی و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا و ژمارەیەکی دیکە لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای تورکیا یاوەری ئەردۆغان بوون.

ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) سەرۆک مەسعود بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: خۆشحاڵبووم بە پێشوازیکردن لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ئەمڕۆ لە کوردستان و گفتوگۆمان دەربارەی رێچکە بەردەوامەکانی هەماهەنگی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و تورکیا کرد.