عه‌لی ئه‌لهێل شرۆڤه‌كاری سیاسیی: رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان بۆ عێراق، هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی ناوچه‌كه‌  گرنگه‌

دكتۆر عه‌لی ئه‌لهێل مامۆستای زانكۆ و شرۆڤه‌كاری سیاسیی
دكتۆر عه‌لی ئه‌لهێل مامۆستای زانكۆ و شرۆڤه‌كاری سیاسیی

K24 - هەولێر:

له‌باره‌ی واژۆكردنی رێككه‌وتنی رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان له‌ نێوان چوار وڵات (عێراق، توركیا، ئیمارات و قه‌ته‌ر) و كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی، مامۆستایه‌كی زانكۆ و شڕۆڤه‌كارێكی سیاسیی رایده‌گه‌یه‌نێت، رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان بۆ عێراق، هه‌رێمی كوردستان، قه‌ته‌ر، ئیمارات، توركیا و ته‌واوی ناوچه‌كه‌ رێگه‌یه‌كی گرنگه‌.

دكتۆر عه‌لی ئه‌لهێل مامۆستای زانكۆ و شرۆڤه‌كاری سیاسیی له‌ ده‌وحه‌وه‌ به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ته‌واوی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئازادكردنی قودس له‌لایه‌ن سه‌ڵاحه‌ددین ئه‌یوبی ده‌رخه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كی مێژووییه‌، له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و جیهانی عه‌ره‌بی.

باسی له‌وه‌شكرد، گه‌لی كورد شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ خاونی ده‌وڵه‌تی خۆی بێت.

دكتۆر عه‌لی ئه‌لهێل ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كێڵگه‌كانی نه‌وت له‌ پارێزگای كه‌ركووك پێویسته‌ سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان بن.

له‌باره‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌لهێڵ ده‌ڵێت، له‌ رووی جیۆسیاسیی و ستراتیژییه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی عێراق و توركیا و زۆر وڵاتی دیكه‌ی جیهانه‌.

گوتیشی: قه‌ته‌ر رژده‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان باش بێت.

پڕۆژه‌ی رێگەی گەشەپێدان پێکهاتووە لە رێگەی وشکانی و ئاسنین کە لە رێگەی بەندەری فاو لە باشووری عێراق، دەروازەی پێشابوور لە هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا دەبەستێتەوە و زیاتر لە 25 وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێی سوودمەند دەبن.

گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2024 دەستپێبكات و لە 2028 کۆتایی پێدێت، درێژی هێڵی ئاسنینەکە بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە و هەردوو رێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.