ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و سەرۆککۆماری تورکیا

سەرۆک بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆک بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 – هەولێر:

سەرۆک بارزانی و سەرۆککۆماری تورکیا لە هەولێر کۆبوونەوە و جەختیان لە بەرەوپێشچوون و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا کردەوە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) لە شاری هەولێر، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد و لەگەڵیدا کۆبوویەوە.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە: لە کۆبوونەوەکەدا سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا و شاندی یاوەری بۆ بەغدا و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی نێوان عێراق و تورکیا بە گرنگ و مێژوویی و فاکتەری گەشەپێدان و ئارامی وەسفکرا.

هەر لەو کۆبوونەوەیدا جەخت لە بەرەوپێشچوون و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا کرایەوە، ئەویش لەپێناو پتەوتربوونی سەقامگیریی هەرێمایەتی و هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارە جۆراوجۆرەکان و قووڵترکردنی بنەماکانی دراوسێتی و برەودانی پەیوەندییە ئابوورییەکان.