مەسرور بارزانی: گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کرد

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ: لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان لە بارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و کۆمەڵێک بابەتی ناوچەیی کرد.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بارەی سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی"لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی و بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم، لە هەولێر پێشوازیمان لە سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد".

هەروەها نووسیویەتی "خۆشحاڵبووم کە گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و کۆمەڵێک بابەتی ناوچەیی ئەنجام دا".

دوای بەغدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئێوارەی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ کرا و پاشان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و چارەکردنی ناکۆکییەکان نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە ڕێگەی دانووستان و لەسەر بنەمای دەستوور.

هەروەها جەختکرایەوە لە سەر برەودانی زیاتر بە هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش لە ئاڵوگۆڕە بارزگانییەکان و کەرتی وەبەرهێناندا.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌ ئاماده‌يی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى ئابوورى و بازرگانى له‌گه‌ڵ توركيادا كرده‌وه‌، باسى له‌ ده‌رفه‌ته‌كانى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانيا توركييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرد و سوپاسى كردن كه‌ له‌ دۆخی سه‌ختی ئابووریشدا، له‌ كار و ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كان بەردەوام بوون‌.

ڕەجەی تەیب ئەردۆغان ئەمە دووەم سەردانێتی بۆ هەولێر، یەکەم سەردانی ساڵی 2011 بوو، ئەو کاتە سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی بەشداری کرد لە کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڵام سەردانەکەی ئەمجارەی یەکەم سەردانێتی وەک سەرۆک کۆماری تورکیا.