ئەنتۆنی بلینکن: پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی مافی مرۆڤ لەسەرجەم وڵاتان یەک پێوەرە

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێوەری هەڵسانگاندنی مافەکانی مرۆڤ بۆ سەرجەم وڵاتان یەک پێوەرە جا ئەگەر وڵاتەکە دۆست بێت یان ڕکابەر.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رەتیکردەوە وڵاتەکەی دوو ڕووانە مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی مافی مرۆڤ بکات و ڕایگەیاند، پێوەرییان بۆ هەڵسەنگاندنی مافەکانی مرۆڤ لەسەرجەم وڵاتان یەک پێوەرە، جا ئەگەر ئەو وڵاتە دۆستیان بێت یاخود ڕکابەر.

ئەو وەزیرە گوتی: "ئەمەریکا هەموو شتێک بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی غەززە و پاراستنی خەڵکی سڤیل لەو ناوچەیە دەکات."

بلینکلن گوتیشی: "ئێمە دووڕوو نین، بەیەک چاو سەری دۆخەکانی مافی مرۆڤ لەسەرجەم وڵاتان دەکەین و هەمان ستانداردیان بۆ بەکاردێنین، جیاوازی نییە ئەگەر ئەو وڵاتە دۆستمان بێت یاخود ڕکابەر."

بلینکلن ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوەی پەیوەستە بە غەززە هەموو هەوڵێکی خۆمان داوە تا ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزین، لێکۆڵینەوەش لە تۆمەتەکانی تایبەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکەین.

ڕاشیگەیاند، ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر وایانکرد هەرگیز رێگەنەدەینەوە شتی لەو شێوەیە رووبداتەوە، هەموو کارێکیش بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و گەڕانەوەی بارمتەکان دەکەین.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.