ئەنتۆنی بلینکن: هەموو هەوڵێکی خۆمان داوە تا ژیانی هاووڵاتیانی سڤیلی غەززە بپارێزین

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رەتیکردەوە وڵاتەکەی دوو رووانە مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی مافی مرۆڤ بکات و رایگەیاند، پێوەرییان بۆ هەڵسەنگاندنی مافەکانی مرۆڤ لەسەرجەم وڵاتان یەک پێوەرە، جا ئەگەر ئەو وڵاتە دۆستیان بێت یاخود رکابەر.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئێمە دووڕوو نین بەیەک چاو سەیری دۆخەکانی مافی مرۆڤ لەسەرجەم وڵاتان دەکەین و هەمان ستانداردیان بۆ بەکاردێنین، جیاوازی نییە ئەگەر ئەو وڵاتە دۆستمان بێت یاخود رکابەر.

گوتیشی: ئەوەی پەیوەستە بە غەززە هەموو هەوڵێکی خۆمان داوە تا ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزین، لێکۆڵینەوەش لە تۆمەتەکانی تایبەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکەین.

رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر وایانکرد، هەرگیز رێگەنەدەینەوە شتی لەو شێوەیە رووبداتەوە، هەموو کارێکیش بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و گەڕانەوەی بارمتەکان دەکەین.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران. کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 بارمتە ئازاد کراون.

لە بەرانبەردا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر غەززە و بەچڕی بۆردومانی ئەو ناوچەیەی کرد، کە لە نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین دا هاتووە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە 40 هەزار و 49 کەس، هەروا ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە 76 هەزار و 901 کەس کە زۆرینەی قوربانیان ئافرەت و منداڵن.