حزبەکەی حەلبووسی هەڕەشەی کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەکات

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

حزبی تەقەدومی سوننەکان ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەرنەگرن لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەکشێننەوە.

یەحیا محەممەدی، گوتەبێژی حزبی تەقەدومی محەممەد حەلبووسی ڕایگەیاند، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەرنەگرن لە پڕۆسەی سیاسی دەکشێننەوە.

گوتەبێژی تەقەدوم گوتیشی، بە هیچ جۆرێک سازش لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ناکەن، چونکە گەورەترین هێزی سوننەن و خاوەنی 43 کورسین.

یەحیا محەممەدی ئاماژەی بەوەش دا، لەهەر ئەگەرێکدا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ تەقەدوم نەبێت، بڕیاری بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی دەکەن.

گوتەبێژی تەقەدوم ئاماژەی بەوەش دا، نووری مالیکی و دەوڵەتی یاسا پشتیوانی مەحموود مەشهەدانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن.

لە 14ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە محەممەد حەلبووسی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لادراوە و پۆستەکە بە وەکالەت لەلایەن موحسین مەندەلاوییەوە بەڕێوەدەبرێت. لەگەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانیش شەعلان کریم کاندیدی تەقەدووم 152 دەنگ و سالم عیساوی کاندیدی سیادە 97 دەنگیان بەدەست هێنا.

تا ئێستا هاوپەیمانی سیادەی سوونەکان بە هاوبەشی حەسم و عەزم سوورن لەسەر ئەوەی سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان لای خۆیان بێت، پارتی تەقەدوومی محەمەد حەلبوسیش هیچ سازشێک ناکات و جەخت لە هێشتنەوەی پۆستەکە لای خۆیان دەکات