رێژەی تاوان لە عێراق لەنێو چینی هەرزەکاراندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە

رێژەی تاوان لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە
رێژەی تاوان لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە

K24 - هەولێر

رێژەی تاوانە هەمەجۆرەکان لەنێو چینی هەرزەکار و گەنجانی عێراق تادێت زیاتر دەبێت. لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ 90 حاڵەتی تاوان تۆمارکراون، بەراورد بە دوو مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، ڕێژەکە سەدا 45 زیادی کردووە.

رێژەی تاوان لە عێراق لەنێو چینی هەرزەکاراندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و پسپۆڕانیش هۆشداری لە بەرەو هەڵدێر چوونی کۆمەڵگەی وڵات دەدەن.

بوونی ژمارەیەکی زۆر لە گرووپی چەکدار و بەئاسان دەستکەوتنی چەکی هەمەجۆر، وایکردووە رێژەی تاوان لەنێو هەرزەکارانی عێراقدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تەنها لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ 90 حاڵەتی کوشتن لەنێو چینی هەرزەکاراندا تۆمارکراوە، کە لەمانگی کانوونی دووەم 46 حاڵەت و لە مانگی شوباتدا 44 حاڵەت تۆمارکراون، کە ئەمەش بە بەراورد بە دوو مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، حاڵەتەکە بە رێژەی لە سەدا 45 زیادی کردووە.

 پسپۆڕان هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ئەو حاڵەتانە بۆ کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی تاکی عێراقی، بڵاوبوونەوەی بەرچاوی ماددە هۆشبەرەکان، بوونی ژمارەیەکی زۆر گرووپی چەکداری نایاسایی، چەکدارکردنی هەرزەکاران بۆ مەرامی سیاسی و بوونی ژمارەیەکی زۆر لە بازرگان و فرۆشیارانی نایاسایی چەک دەگەڕێننەوە.

بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش، لە هەر چوار کەسێکی عێراقی یەکێکیان بەدەست کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە دەناڵێنێت، بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش، لە کۆی  193 وڵاتی جیهاندا، عێراق لە پلەی هەشتەم دێت، بۆ بوونی زۆرترین حاڵەتی تاوان لە وڵاتەکەدا.