ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە؛ مووچە و دوو پرسی دیکە تاوتوێ دەکات

کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران (ئەرشیف)
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە و تێیدا چەند بابەتێک گفتوگۆ دەكرێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ لە بڕگەی یەکەمدا ڕاپۆرتی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکار سەبارەت بە داڕشتنی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری داهاتەکان و بە بانکیکردنی پێدانی مووچە، بە گوێرەی دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەکرێت.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەشدا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، چەند پێشنیارێکی تایبەت بە ئاسانکاریی گەڕاندنەوەی پێشینەکانی بانکە پسپۆڕییەکان لای هاووڵاتییان، هەروەها قەرزی بانکە بازرگانییەکان و ڕێژەی سوودی بانکیی بەپێی یاسای چاکسازی، دەخرێتەڕوو.

لە بڕگەی سێیەمدا دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی پەیڕەوی پۆلێنکردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشکردن لە بەشداربوون، تاوتوێ دەکرێت.