کەیسی بۆردومانی قەڵادزێ بە جینۆساید نەناسێندراوە و کەسوکاری قوربانیانیش قەرەبوو نەکراونەتەوە

مۆنۆمێنتی شەهیدانی بۆردومانی قەڵادزێ
مۆنۆمێنتی شەهیدانی بۆردومانی قەڵادزێ

K24 - هەولێر

50 ساڵ بەسەر تاوانی بۆردومانکردنی قەڵادزێی ناوەندی شارۆچكەی پشدەر و زانکۆی سلێمانی بە بۆمبی قەدەغەکراوی ناپاڵم تێپەڕدەبێت، زامەکانی کارەساتەکە نە ساڕێژبوون و نە لە بیر دەکرێن، چونکە بە هۆی پارچە پارچە بوونی جەستە قوربانییەکان ناچاربوون هەر چەند شەهیدێک بە یەکەوە لە یەک گۆڕدا بە خاک بسپێرن.

دوای 50 ساڵ لە بۆردومانەکەی 24ی نیسانی ساڵی 1974ی قەڵادزێ کە 163 کەس لە مامۆستایانی زانکۆ و قوتابی و ھاووڵاتی شەهید بوون و 300 کەسی دیکەش برینداربوون، بەڵام تا وەکوو ئێستا کەسوکاری قوربانیان قەرەبوو نەکراونەتەوە.

ئەو گۆڕستانەی شەهیدانی بۆردومانەکەی قەڵادزێ لە باوەش گرتووە، قوربانییانی ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان و تەنانەت باکوور و ڕۆژئاوای كوردستانیشی تێدایە، ئەوان قوربانی ئەو بۆردومانە سەختەبوون كە ڕژێمی پێشووی عێراق 50 ساڵ لەمەوبەر بە بۆمبی ناپاڵم بۆ سەر قەڵادزێ ئەنجامیدا و زانکۆی سلێمانی کە ئەو کات گواسترابوەوە قەڵادزێ، لەو شارۆچکەیە بە ئامانج گرت، یەکێک لە قوربانییەکان بە پارچەی بۆمبی فڕۆکەکانی بەعس سەری لەجەستەی جیا دەبێتەوە و جەستەیەکی بێ سەر لەم بەر بۆ ئەوبەری شەقامی ناو بازاڕی قەڵادزێ دەپەڕێتەوە، کوڕێکی قوربانییەکە ئەو کات کە تەمەنی سێ ساڵ بووە لەو کاتەوە لە ئامێزی گەرمی باوک بێبەشبووە، ئێستاش ماوە ماوە سەردانێکی گۆڕی باوکی دەکات و بە خوێندنەوەی فاتیحەیەک خەمی بێ باوکی دادەمرکێنێتەوە.

ئازاد ئەحمەد، کەسوکاری قوربانییان بۆ کوردستان24 دەڵێ" باوکم بۆی گێڕاوینەتەوە ساچمەیەک بەری سەری کەوتووە و چەند هەنگاوێک بەبێ سەر ڕێ ڕۆیشتووە، بە دروستی لە ناو بازاڕی قەڵادزێ و نزیک قەسابخانە لەوێ باوکم شەهید بووە، بۆیە کارەساتەکە لەلای خەڵکی ئاشکرایە و دەیگێڕنەوە، بەڵام خۆم ئەو کات منداڵ بووم بیرم نایەتەوە".

لە دوای شەڕی ئازادی عێراق لە 2003، پاش دەستگیرکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی دادگا بۆ دادگایی کردنی تاوانبارانی سەرەکی ڕژێمی بەعس هەوڵی زۆردرا ئەو کەیسە و کەیسی ڕاگواستنی پشدەر لە دادگای تاوانەکانی عێراق بە جینۆساید بناسێنرێن و خەڵکەکە قەرەبوو بکرێنەوە.

ئیبراهیم محیەدین، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفال کراوانی پشدەر ئەو تراژیدیایە بۆ کوردستان24 گوتی "کەیسی بۆمببارانی قەڵادزێ پێش کەیسی دوجەیل بوو، بەڵام بە بڕوای من فێڵی سیاسییە شیعەکان بوو، کەیسی دوجەیلیان پێش کەیسی قەڵادزێ خست، بەداخیشەوە تا وەکوو ئێستا هیچ یەکێک لە کەیسی ئەو تاوانانەی بەرانبەر بە کورد کراون بە جینۆساید نەناسێنراون و کەسوکاری قوربانیانی قەرەبوو نەکراونەتەوە".

هەشت ساڵ دوای ڕووداوەکەی 4:24 ی 1974 کاتێک خەڵکی قەڵادزێ یادی تاوانەكەیان دەکردەوە لەلایەن پیاوانی ڕژێمی بە‌عس درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و دوو شەهید و پێنج برینداری لێکەوتەوە و دەیان کەسیش دەستگیرکران، بەعس کوڵی دڵی بەوەش دانەمرکایە، ساڵی 1989 دوایین قۆناغی ڕاگواستنی شارۆچكەی پشدەری جێبەجێ کردو قەڵادزێ و سەدان گوندی بۆ ئۆردووگا زۆرەملێکان گواستەوە و شارەکەی تەقاندەوە .