بەشیر حەداد: بەرپرسانی بەغدا هەر لە سەرەتاوە نیازیان وابوو دەستوور جێبەجێ نەکرێت

K24 - هەولێر

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دیپلۆماسییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی باشی بڕیووە و سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێناوە.

د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دیپلۆماسییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی باشی بڕیووە و سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێناوە، ئەمەش بە بۆچوونی ئێمە نییە بەڵکو بەبۆچوونی بێگانەکان و وڵاتانی دەرەوەیە. ئەوانەی هاموشۆی هەرێمی کوردستان دەکەن.

بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک مامەڵەی دیپلۆماسی دەکات، کە هەندێک وڵات هەیە ڕەنگە نەتوانێت بەوشێوەیە مامەڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتان بکات، ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. نیشانەی گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستانە لە عێراق و ناوچەکەشدا.

گوتیشی: وڵاتانی دەوروبەر زۆر بەبایەخەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، هەوڵیش دەدەن کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جەختی کردەوە، بەرپرسانی بەغدا هەر لەسەرەتای 2005ەوە کە دەنگ بەدەستوور درا، نیازیان وابوو ئەو دەستوورە جێبەجێ نەکرێت و بە مردوویی لەدایک ببێت، لەبەرئەوەی ئێستا نیمچە مردووە، چونکە دەستوورێک کە نیوەی جێبەجێ نەکرێت، وەکو ئەوەی کە جێبەجێ نەکراوە. هەروەها ئەوەی هەرێمی کوردستان دەیکات، چ لە سیاسەتی ناوەوە لە سیاسەتی دەرەوە هەمووی لەدەستوور ڕێگە پێدراوە.