محەممەد شوکری: هەرێمی کوردستان بەشداری دیداری جیهانی وەبەر‌هێنان دەکات

محەممەد شوکری: بەم نزیکانە پرۆژەی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەت و هەژاران دەست پێ دەکات
محەمەد شوکری سەعید، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان
محەمەد شوکری سەعید، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

محەممەد شوکری سەعید، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لە ماوەیەکی نزیک دروستکردنی یەکەکانى نیشتەجێبوونی بۆ کەمدەرامەت و هەژاران لە شارەکانی کوردستان دەست پێ دەکرێت و گوتیشی: لە مانگی داهاتوو لە ئیمارات بەشداری دیداری ساڵانەی وەبەر‌هێنانیی جیهانی دەکەین.

محەممەد شوکری ڕایگەیاند، لە هەفتەی دووەمی مانگی داهاتوودا لە ئەبوزەبی بەشداری لە دیداری ساڵانەی وەبەرهێنانی جیهانی دەکەن، کە زۆرینەی دامەزراوە فەرمییەکانی وەبەرهێنانی وڵاتان تیایدا بەشدار دەبن، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان وەک ئەندامێکی ڕیكخراوی وەبەرهێنانی جیهانی بۆ یەکەمجارە بەشدار و ڕۆڵی لە دیدارەکە دەبێت.

هەروەها ئاماژەیدا، لەو دیدارەدا وتاری تایبەتی دەستەی وەبەرهێنان دەخوێندرێتەوە و کاتژمێرێکیش بوار بۆ خستنەڕووی تایبەتمەندییەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو، هاوکات لە سێ ڕۆژەکەدا سەکۆی کوردستان کار بۆ ناساندنی پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان دەکات لە چالاکییەکاندا تا وەکوو بتوانرێت دەستی زیاتر وەبەرهێنەرانی دەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان ڕا بکێشرێت.

محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە بارەی دروستکردنی پرۆژەی 20 هەزار یەکەى نیشتەجێبوونی بۆ  کەمدەرامەت و هەژاران، گوتی: دوایین بڕیارکان ئەوەیە پرۆژەکە لە ڕێگەی بەڵیندەرەکانەوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی سەرپەرشتیی و چاودێری جێبەجێ کردنی پلان و پرۆژەکان و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان دەکات لە ماوەیەکی نزیک پرۆەکانی نیشتەجێ بوون لە شارەکان جێبەجێ دەکرێن.