دانا عەبدولکەریم: پرۆژەیەکی گرنگ لە قەڵادزێ جێبەجێ دەکرێت

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی گرنگی لە قەڵادزێ ڕاگەیاند.

ڕۆژی چوارشەممە (24ـی نیسانی 2024) دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی بۆمبارانکرانی قەڵادزێ ڕایگەیاند: "مژدەی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گرنگ بە هاونیشتمانیانی خۆشەویست لە ناوچەکە دەدەین، ئەویش دەستپێکردنی پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی ڕێگەی (قەڵادزێ - دارەشمانە)ـیە".

دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەش کردووە: ئەو ڕێگەیە بایەخێکی گرنگ و کاریگەری لە ڕووی کارئاسانیی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و بووژانەوەی سێکتەری گەشتیاری و ئابووریی لە سنورەکە دەبێت.

هەروەها وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جەختی کردووەتەوە: "پاڵپشت و پشتیوان دەبین بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و هاونیشتمانیان، هاوکات لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە سەرجەم ناوچەکان".

لە (24ـی نیسانی 1974) قەڵادزێ لەلایەن ڕژێمی ئەوسای عێراقەوە بۆمباران کرا و لە ئەنجامدا 163 کەس لە مامۆستایانی زانکۆ و قوتابی و ھاووڵاتی شەهید بوون و 300 کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا کەسوکاری قوربانیان قەرەبوو نەکراونەتەوە.

هەروەها هەشت ساڵ دوای ڕووداوەکە، کاتێک خەڵکی قەڵادزێ یادی قوربانییەکانیان دەکردەوە، لەلایەن پیاوانی ڕژێمی بە‌عس درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و دوو شەهید و پێنج برینداری لێکەوتەوە و دەیان کەسیش دەستگیر کران، دواتریش لە ساڵی 1989 دوایین قۆناغی ڕاگواستنی شارۆچكەی پشدەری جێبەجێ کرد و قەڵادزێ و سەدان گوندی بۆ ئۆردووگا زۆرەملێکان گواستەوە و شارەکەی تەقاندەوە .