مایکڵ نایتس: زۆرینەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستان دەکەن
K24 – هەولێر:
توێژەرێکی باڵا لە پەیمانگهی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژههڵاتی نزیک، لەباری پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت: تیمەکەی سوودانی لەوە تێگەشتن کە زۆرێک لە کۆنگرێسمانان پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە دەبێت حکوومەتی عێراق بیر لەوە بکاتەوە چۆن بتوانێت کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان چارە دەکات.
مایکڵ نایتس، توێژەری باڵا لە پەیمانگهی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژههڵاتی نزیک، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، کۆمارییەکانی نیوەی کۆنگرێس دڵخۆش نەبوون بە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا، بەهۆی ئەوەی میلیشیاکان لە عێراق. بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا.
ئەو توێژەرە باڵایە ئاماژەی بەوە دا، سوودانی کاتێک لە واشنت بوو لەلایەن جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە گفتوگۆی زۆری لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵدا کرا.
هاوکات دەڵێت: تیمەکەی سوودانی لەوە تێگەشتن کە زۆرێک لە کۆنگرێسمانان پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە دەبێت حکومەتی عێراق بیر لەوە بکاتەوە چۆن بتوانێت کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
مایکڵ نایتس، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، زۆرینەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بە تەواویی پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستان دەکەن و، لەو بڕوایەدان کە کورد باشترین دۆستی ئەمەریکایە لە عێراق.
هەر لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە ناوبراو جەختی کردەوە، ئەمەریکا بەردەوام پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە نووسینەوەی دەستووریش یارمەتیدەر بووە لەوەی لە بەرژەوەندی هەرێمەکەدا بێت.
ئەو توێژەرە باڵایەی پەیمانگهی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژههڵاتی نزیک، باسی لە میلیشیاکانی عێراق کرد و گوتی: میلیشیاکان نیگەرانن لەوەی سوودانی بەبێ هیچ ڕێکەوتنێک لەبارەی دەرکردنی هاوپەیمانان لە عێراق، لە ئەمەریکاوە گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکەی، ئەمەش شتێکە کە کورد و سوونە لە عێراق دڵخۆش دەکات، چونکە ئەوان نایانەوێت ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە.