هه‌ڤپه‌یڤینی کوردستان24 لەگەڵ یاکۆ بێرێندز، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان

کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بۆ حاکم فەرهاد قسەدەکات
کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بۆ حاکم فەرهاد قسەدەکات

K24 - هەولێر:

یاکۆ بێرێندز، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی كوردستان24ـدا سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی كوردستان و تێڕوانینی هۆڵه‌ندا بۆ ئایینده‌ی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی هه‌نووكه‌یی په‌یوه‌ست هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌شداری پێكهاته‌كان.

كوردستان24: به‌ڕێز کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان به‌یانیتان باش و به‌خێر بێن بۆ به‌رنامه‌كه‌مان.

یاکۆ بێرێندز: زۆر سوپاس، زۆر بەخێربێن بۆ ئۆفیسەکەمان، بەشێکی بچووکە لەو هۆڵەندایەی تۆ پێشووتر بینیوتە. دووبارە بەخێربێن.

كوردستان24: له‌ ده‌وروبه‌رت گزڵی زۆر ده‌بینین!

یاکۆ بێرێندز: بەڵێ، ئەم گوڵانە ڕاستەقینەنین، ڕەنگە بە بینینیان هەڵبخەڵەتێی، چونکە زۆر ڕاستەقینە دەردەکەون. بەڵێ، ئەمەش شتێکە ئێمە لە هۆڵەندا زۆر دەیکەین.

كوردستان24: ئێوه‌ یه‌كه‌م وڵاتی جیهانن له‌ به‌رهه‌مێنانی گوڵ، كه‌واته‌ ئێوه‌ وڵاتی گوڵن.

یاکۆ بێرێندز: بەڵێ، ئەمە ڕاستە. ئێمە ژمارەیەکی باشی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی گوڵمان هەیە. ئەمە بەشێکە لە کولتووری ئێمە. ئەگەر بە شەقامەکانی هۆڵەندادا پیاسە بکەیت، لە هەموو سووچێک دوکانێکی فرۆشتنی گوڵی سروشتی دەبینی، کە زۆر لەمە زیاترە و چەندین جۆر بەرهەم دەهێنن. بڕوام وایە لە هۆڵەنداش بە قۆناغێکی گۆڕانکاریدا تێ دەپەڕین. تێیدا بە دوای بەردەوامی ئەم جۆرە سێکتەرانەدا دەگەڕێین. ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر سەرنجمان لەسەر هەناردەکردنی شارەزاییەکانمانە لەسەر چۆنییەتی بەرهەمهێنانی گوڵ و دامەزراندنی سێکتەرێکی وەک گوڵ. بەڵام ئەمە سێکتەرێکی زۆر گەورەیە لە هۆڵەندا.

كوردستان24: له‌م دۆخه‌ی ئێسته‌ كه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌یشی پێدا تێ ده‌په‌ڕێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هۆڵه‌ندا و هه‌رێمی كوردستان له‌ چ ئاستێكدایه‌؟

یاکۆ بێرێندز: بەڵێ، پەیوەندی نێوان هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان لە عێراق و هۆڵەندا زۆر بەهێزبووە و هەر بە بەهێزیش دەمێنێتەوە. هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەمە ئەوەیە، ژمارەیەکی زۆر باشی خەڵکمان هەیە هەڵگری رەگەزنامەی هەردوو وڵاتن. رەگەزنامەی عێراقییان هەیە، چونکە لە عێراقدا دەژین، بەڵام لە راستیدا کوردن. لەگەڵ ئەوەشدا هۆڵەندین، بەو پێیەی رەنگە ئێمە پێنج بۆ حەوت هەزار هەڵگری پاسپۆرتی هۆڵەندیمان هەبێت، ئەمە ژمارەیەکی خەمڵێندراوە. زۆرێک لەو خەڵکە لەو خێزانانەن لە کاتی رژێمی سەدام حوسێن چەوسێندرابوونەوە و بەرەو هۆڵەندا گەشتیان کردووە. بۆیە زۆرێک لەو خێزانانە وەک پەنابەر ڕوویان کردووەتە هۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا وەک سوید، بەریتانیا و ئەڵمانیا. ژمارەیەکی زۆری ئەو خەڵکەش گەڕانەونەتەوە، بەڵام ئێستا خاوەنی ڕەگەزنامەی هۆڵەندی، دڵێکی هۆڵەندی و زانیاری هۆڵەندین، هەندێک کاتیش چوونەتە قوتابخانە و زانکۆ هۆڵەندییەکان. بۆیە لەم ڕووەوە، پەیوەندی زۆر بەهێزمان هەیە. خەڵک پردی پەیوەندی سەرەکین لە نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستاندا.

كوردستان24: پێت وایه‌ ئه‌و كوردانه‌ی له‌ هۆڵه‌ندا ژیاون، توانیویانه‌ له‌گه‌ڵ كولتووری هۆڵه‌ندی تێكه‌ڵاو ببن و سوود له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ببینن؟

یاکۆ بێرێندز: بەڵێ! جوانە، کە تۆ پرسیارت لەم بارەیەوە کرد، چونکە شتێک هەیە تەواو دانسقەیە دەربارەی ئەم گرووپە. بەر لە هەموو شتێک بڕوام وایە، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، زۆر بەهای هاوبەش هەن لە نێوان خەڵکی هۆڵەندا و کوردستان، کە هەر دوو گەلەوە گرنگن. ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو خەڵکەی لە نێوان هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو هۆڵەندا کۆچیان کرد، خەڵکانێک بوون بەهۆی سەرکوتکارییەکانی سەددام حوسێن بە دوای پەنابەرێتیدا دەگەڕان. زۆربەی ئەو کەسانە خەڵکی بیرمەند، بازرگان و چالاکوانی سیاسی بوون. بەهۆی ئەم هۆکارانەوە بوو، کە دەبووایە کۆچ بکەن. ئەمەش مانای ئەوەیە، ئەوانە کۆمەڵێک کەس بوون زۆر حەزیان دەکرد داهاتووی خۆیان بونیات بنێن. بۆیە منداڵەکانیان چوونە زانکۆ و سوودیان لە سیستەمی پەروەردەی هۆڵەندی بینی. ئەنجامی زۆر باشیشیان هەبوو. زۆر جوانە دەبینی بەشێک لەو خەڵکە گەڕاونەتەوە، ئێستا لە کوردستانیش کاری زۆر باش دەکەن، چونکە ئەگەر سەیری ئەو ژمارە خەڵکەی هۆڵەندی -کوردی یاخود کوردی - هۆڵەندی بکەین لە حکوومەت و بازرگانیدا کار دەکەن و پۆستی زۆر کاریگەریان هەیە، ژمارەیەکی باشە. بۆیە دووبارە ئەنجامێکی زۆر باشیان هەبووە لە سوودەکانی سیستەمی هۆڵەندی.

كوردستان24: وه‌به‌رهێنانی هۆڵه‌ندی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ چ ئاستێك و له‌ چ بوارێكدایه‌؟

یاکۆ بێرێندز: بۆ ئێمە لە ڕابردوودا و لە ماوەی داهاتووشدا، وەبەرهێنانمان لە کەرتی کشتووکاڵدا وەک گرینگترین سێکتەر دەمێنێتەوە. ئەو سێکتەرەی ئێمە سەرنجمان لەسەرە زیاتر کشتوکاڵە. پاشخانێکت دەدەمێ بۆ چی بەم شێوەیەیە؟ بەر لە هەموو شتێک، کشتوکاڵ خۆی سێکتەری کاری لە پێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، چونکە ئەمە لەگەڵ پلانی ئەم حکوومەتە دەگونجێت بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و بەردەوامیی دابینکردنی خۆراک بۆ دانیشتووانەکەی. ئەمە یەکەم و گرنگترین هۆکارە، چونکە ئەگەر کاری لە پێشینەی ئەم حکوومەتە بێت، مانای زیاتر دەدات بە ئێمە بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بابەتانە کاریان لەگەڵ بکەین. دووەم، توانای زۆر گەورە هەیە. ئەگەر سەیری ئەم هەرێمە بکەی، خاکی بەپیتی زۆرە. دەستیکاری زۆر هەیە، خەڵکێکی زۆر هەیە دەیانەوێت کاریان دەست بکەوێت. کشتوکاڵیش سێکتەرێکی پڕ لە هەلی کارە. بۆیە ئەمە هۆکارێکی دیکەیە. دوایینیان، کە بە بڕوای من زۆر گرنگە، ئێمە شارەزایی و زانیاریمان هەیە دەمانەوێت هەناردەی بکەین. دەمانەوێت سوود لەو هەموو ئەزموونە ببینین لە چەند دەیەی ڕابردوودا لەو سێکتەرە بە دەستمان هێناوە. لە هەمان کاتدا، هەمیشە بەو هۆیەوە نییە، چونکە دەمانەوێت کەسانی دیکە سوودی لێ ببینن، بەڵکوو چونکە بازرگانییەکی باشیشە بۆ ئێمە. هەناردەکردنی شارەزایی و زانیارییەکانمان بازرگانییەکی باشە. بۆیە ئەمانە هەندێک لەو هۆکارانەن کشتوکاڵ لە سەرووی ئەجێنداکەمانە و لەگەڵ حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان کار دەکەین.

كوردستان24: ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی ده‌بێت چۆن بن و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بوون؟

یاکۆ بێرێندز: ئەمە پرسیارێکی سەختە. بەر لە هەموو شتێک، چونکە ئەم کێشانە بێگومان پەیوەستە بە حیزب و دامەزراوە سیاسییەکانی ئێرە، بەڵام سەرەڕای ئەمە، بێگومان ئێمە وەک لایەنی دەرەکی و میوانی وڵاتەکەتان، دەبینین گرژی زۆر هەیە لە پەیوەندییەکاندا. بڕوامان وایە، لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە لەم دۆخەدا، پێویستە لە کۆتاییدا بگەنە سازان. ئەو سیستەمەی ئێوە تێی دانە، وڵاتێکی فیدراڵە لەگەڵ هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی. ئەمە مانای ئەوەیە پێویستە دابەشکارییەک هەبێت ئێوە لەنێو ئەم سیستەمەدا دەتوان چی بکەن بۆ ئەوەی هەر دوو لا ڕۆڵی خۆتان ببینن. ئەمە چۆن کاری لەسەر دەکرێت؟ ڕاستییه‌كه‌ی دەگەڕێتەوە سەر سەرکردایەتی ئێرە. داواکاری من ئەوەیە، هەموو لایەنەكانی سیاسی و سەرکردایەتییەکان لە بەرژەوەندی خەڵکدا ئەو کارە بکەن. پێویستە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت کاتێک سەرکردە سیاسییەکان بڕیار لە بارەی هەر شتێک دەردەکەن، وەک بوودجە، نەوت، ئاو و بابەتە گرنگەکان، چونکە لە کۆتاییدا  پێویستە سوود بە کورد و عێراقییەکان بگەیێنێت.

كوردستان24: ئێوه‌ وه‌كو هۆڵه‌ندا تێڕوانینتان بۆ كێشه‌كان چییه‌ و پێتان وا نییه‌ ئه‌م كێشانه‌ ده‌بێت به‌ پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن؟

یاکۆ بێرێندز: بەڵێ، وەک گوتم بێگومان دەستوور بەشێکی گرنگی ئەم پرسەیە، چونکە ئەگەر بە دوای سازاندا بگەرێی، بێگومان پێویستە لە دەستووردا ڕێنمایی هەبێت. سەرەڕای ئەمە بڕوام وایە گرنگە ئەمە لەبەرچاو بگرین، عێراق وڵاتێکی تازە دیموکراسییە. هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ڕۆڵێک گەشە دەکات، ئەمەش ڕێگەیەکی پڕ لە بەربەستە. بازدان لەو مێژووەی هەتانه‌، بۆ وڵاتێکی تەواو دیموکراسی کارێکی ئاسان نابێت. ئەمە پێویستی بە هەوڵ و هەندێک بڕیاری ئازاربەخش هەیە. وەک گوتم، پێویستی بە سازان هەیە بۆ ئەوەی دڵنیا بیتەوە بگەیە ئاستی داهاتوو.

كوردستان24: پرسی مووچه‌ تا ڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر كراوه‌، به‌ بۆچوونی ئێوه‌ پێتان وا نییه‌ ده‌بێت مووچه‌ بخرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی كێشه‌كان؟

یاکۆ بێرێندز: دووبارە، بۆ من نییە بڕیار لەسەر شێوازی تەواوەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بدەم. ئەوەی من بیری لێ دەکەمەوە، ئەگەر سەیری کێشەی مووچە بکەی، بێگومان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خەڵک دەبێت. ئەگەر خەڵک داهاتێکی نەبێت، خێزانەکان خواردنیان لەسەر سفرەکانیان نەبێت، کەواتە ئەوە کێشەیەکە بە زوویی پێویستی بە چارەسەر هەیە. بڕوام وایە نابێت ئەو خەڵکە قوربانیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بن. دووبارە، وەک ئەوەی لە سەرەتاوە گوتم، هەر چارەسەرێک دەگیرێتە بەر، من بڕوام وایە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی تەواو وریا بن کاریگەری بڕیارەکانیان لەسەر خەڵکی چۆن دەبێت. خاڵێکی دیکە من دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم، ئەگەر سەیری ژمارەی ئەو خەڵکە بکەی پشت بە وەرگرتنی مووچە دەبەستن، بێگومان دۆخێکی باش نابێت بۆ داهاتوو. مەبەستم ئەوەیە، بە گشتی لە عێراقدا بەشێکی زۆری دانیشتووان پشت بە حکوومەت دەبەستن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان. بۆیە، بە گەڕانەوە بۆ سەر ئەو شتانەی گرنگه‌ بۆ ئەم هەرێمە، هەمەچەشنکردنی ئابووری و وەبەرهێنان لە سێکتەری تایبەت بەشێکن لە چارەسەرکردنی کێشەکە، چونکە ئەگەر خەڵکێکی زیاتر لە دەرەوەی حکوومەتدا کار بکەن، داهات و مووچەکانیان پەیوەست نییە بەم ناکۆکییانەی نێوان حکوومەتەکان. ئێمە زۆر حەز دەکەین لەگەڵ دەسەڵات لێرە کار بکەین، ڕزگارمان بێت لەو ژمارە زۆرەی خەڵک، کە کار دەکەن بۆ حکوومەت، بۆ ئەوەی دابەشیان بکەین بەسەر ڕێگاکانی دیکەی کار و پەیداکردنی داهات.

كوردستان24: ئێوه‌ وه‌كو هۆڵه‌ندا داوای هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد، پاك و بێگه‌ر ده‌كه‌ن، بۆ چی؟

یاکۆ بێرێندز: بڕوامان وایە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێ لەم هەرێمە کاتێکی زۆری بەسەر چووە و بەهۆی چەندان هۆکارەوە چەندان جار دوا خراوە، بە دڵنیاییەوە ڕاست دەکەی پێویستە هەڵبژاردن شەفاف بێت و گشتگیر بێت، چەندان پارامیتەر هەن دەبێت ئاگاداری بی کاتێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدەی، بەڵام تەنیا پشت بەستن بەو ڕاستییەی کە پێویستە هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت بەشێکی زۆر گرنگی پرسەکەیە، چونکە ئەوەی لە ماوەی ساڵ و نیوێک بۆ دوو ساڵی ڕابردوو بینیومانە، ئەو ژینگەیەی هەرێمی کوردستان تێی دایە و وڵاتان و هێزە سیاسییەکان کە لە دەوروبەرتانە، هەروەها پشت بەو ڕاستییەی خولی نوێی پەرلەمان و حکوومەتی نوێتان نییە کاریگەری لەسەر ئێوە هەیە، بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنتان نەکردووە کە تێیدا دەتوانن خولی نوێی پەرلەمان و حکوومەتی نوێ پێک بهێنن، ئەمە یارمەتی دۆخە سەختەکەی کورد نادات لەوەی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی هەبێت، چونکە هێزەکانی دیکە سوود لەوە وەردەگرن کە ئێوە سیستەمێکی دیموکراسی تەواو نین، بۆیە گرنگە ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوە بچێت.

كوردستان24: كه‌واته‌ به‌ ڕای ئێوه‌ زۆر گرینگه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن.

یاکۆ بێرێندز: هەر وەک گوتم دەبێت هەڵبژاردن شەفاف و گشتگیر بێت، هەروەها هەر حزبێک بیەوێت خۆی تۆمار بکات و دەنگدەری هەبێت، دەبێت بتوانێت بەشداری بکات، بەڵام ئەم بەشەیش سازشی دەوێت هەر وەک گوتم هەندێک جار ئامانجە گەورەکە گرنگترە لە هەموو ئەوانەی دەتەوێت بۆ خۆت هەتبێت، بۆیە ناڵێم پرسێکی ڕاستەقینە لەلایەن چەند حزبێکەوە نییە لەبارەی ئەوەی چۆن و کەی بەشداری بکەن، بە دڵنیاییەوە پشتگیری لەوە دەکەین هەر حزبێکی سیاسی کە بتوانێت خۆی تۆمار بکات، بەشداری لە هەڵبژاردن بکات، بەڵام بڕوامان وایە پێویستە حزبەکان بتوانن ئەو سازشانە بکەن، هەندێك جار شتێک بە دەست دەهێنیت و هەندێك جار پێویستە شتێک ببەخشی، هەندێک جاریش دەبێ لە ناوەڕاست یەکدی بدۆزنەوە تا بتوانن ئەو بڕیارە بدەن کە بۆ بەرژەوەندی گشتی پێویستە و ئەویش هەڵبژاردنە، زۆر پێویستە هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.

كوردستان24: دادگه‌ی فیدراڵی كورسی پێكهاته‌كانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ڕای ئێوه‌ چییه‌؟

یاکۆ بێرێندز: لە هەرێمی کوردستان پێكهاته‌كان هەمیشە بە باشی گرنگییان پێ دراوه‌، بە تایبەت لەم دواییانەدا کە گرنگ بووە پێکهاتەکانیش قسەی خۆیان هەبێت و لە هەڵبژاردن شوێنی خۆیان بدۆزنەوە. بڕوام وایە گرنگە بۆ هەر دیموکراسییەتێک کە هەڵبژاردنت هەبێت و تێ بگەی ئەگەر خەڵك دەنگ بدەن لە دیموکراسییەتدا گەورەترین حزب مافی قسەکردنی هەیە، چونکە براوە بووە و دەستپێشخەر دەبێت، بەڵام بەرپرسیاریەتی حزبە گەورەکانە کە هەمیشە لە هزریان بێت پێکهاتە هەن و پێویستیشیان بە چییە تا بەشێک بن لە سیستەمەکە، بە شێوەیەکی دیکە بڵێم پشت بەو ڕاستیەی تۆ زۆرینە واتای ئەوە نییە پێکهاتە گرنگی نەماوە، گرنگە بەڵام دەکرێت ڕێگەی جیاواز هەبێت تا بەرژەوەندی پێکهاتەکان بپارێزیت.

كوردستان24: كه‌واته‌ هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پاراستنی پێكهاته‌كان چۆن ده‌نرخێنن؟

یاکۆ بێرێندز: هەر وەک گوتم ئەمە هاوشێوەی پێشتر بەشێک بووە لە سیسته‌مەکە و بە دڵنیاییەوە تێ دەگەم ئێستا کێشەکە چییە پشت بەو ڕاستییەی کورسی پێکهاتەکان لە دوایین بڕیاردا هەڵوەشێندرایەوە. دووبارە بڕوام وایە گرنگە سەیری ئەوە بکەین بۆ حزبەکان چی پێویستە تا لەو هەڵبژاردنەدا کاریگەریان هەبێت. ئەمە هەمیشە مانای ئەوە نادات وەک پێشتر هاوشێوەی سیستەمەکە بێت دەکرێت بە شێوەیەکی جیاواز بێت، بەڵام گرنگترین بەش ئەوەیە پێکهاتەکان لەبیر نەکەین و وا بیر نەکەینەوە لە دیموکراسییەتدا هەمیشە زۆرینە دەتوانێت بڵێت چ شتێک پێویستە، بەڵکوو پەیوەندی بە پێکهاتەکانیشەوە هەیە.

كوردستان24: تێڕوانینی شانشینی هۆڵه‌ندا بۆ كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی له‌ ئێسته‌دا چییه‌؟

یاکۆ بێرێندز: زۆر ڕوونە ماوەیەکمان تێ پەڕاند تێیدا گرژییەکان بۆ ئاستێکی زۆر جیددی بەرز دەبوونەوە. هەفتەی ڕابردوو زۆر مەترسیدار بوو بەو واته‌یه‌ی دەکرا خاڵێکی وەرچەرخان هەبووایە تێیدا هێزەکانی ناوچەکە چیتر کۆنتڕۆڵیان لەسەر ئەوە نەمابا کێ بەرانبەر کێ شەڕ دەکات، چونکە چەندان وڵات و لایەن و تەوژمی سیاسی هەن لە دژی یەکدی شەڕ دەکەن. ئەوەی ئێمە وەک هۆڵەندا دەیڵێین و وەزیزەکەمان هەمیشە داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی کردووە، واتا هەر دوو لایەن پێویستە ئاگادار بن هەنگاوی داهاتووییان ئەگەری هەیە چی بە دوای خۆیدا بهێنێت و وەڵامی لایەنەکەی دیکە چۆن دەبێت. لێرە لە هەرێمی کوردستان کاریگەری ئەو گرژی و کردەوە سەربازییانەمان بینیوە، لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە چەندان هێرشی درۆنی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كراون و هەروەها هێرشەکەی سەر خێزانی پێشڕەو دزەییمان بینی، ئەمانە کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، جگە لەمەش هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو ململانێیە، بۆیە پێشهاتەکان جێگەی نیگەرانییە و هیواخوازین لە داهاتوودا لایەنەکان بە ڕاشکاوانە بڕیاری ئەوە بدەن گرژییەکان بۆ ئاستێکی نزمتر کەم بکرێنەوە.

كوردستان24: كه‌واته‌ به‌ ڕای ئێوه‌ تێكدانی سه‌قامگیری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كدا نییه‌؟

یاکۆ بێرێندز: نەخێر! بڕوام وایە ئەمە زۆر ڕوونە، بڕوام وایە لایەنە گەورەکانی ناوچەکە ئاگه‌داری ئەوەن، ئاگه‌داری ئەو ڕاستییەن لە بەرژەوەندی کەسدا نییە ئەو خاڵە تێ پەڕێنن، تێیدا کەس کۆنتڕۆڵی بەسەر هیچ نەماوە و هەموو لە دژی یەکدی شەڕ دەکەن، چونکە هەموو لایەنەکان شکست دەهێنن، كێشەکە ئەوەیە کەی هێزە سەربازییە گەورەکان هەنگاوێک دەگەڕێنەوە بۆ دواوە و ڕێگە بدەن ئەو گفتوگۆیە بەسەر بەرژەوەندی نیشتمانییان سەر بکەوێت.

كوردستان24: هۆڵه‌ندا یه‌كه‌م وڵاتی به‌رهه‌مهێنانی گوڵه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان، هه‌رێمی كوردستان خاك و ئاووهه‌وایه‌كی باشی هه‌یه‌ بۆ گوڵ، هۆڵه‌ندا ترسی هه‌یه‌ له‌ به‌شداریكردنی له‌و بازاڕه‌دا؟

یاکۆ بێرێندز: ئەگەر ڕاشکاو بم زۆر ترسمان نییە، خۆشحاڵ دەبین لێرە کەرتی گوڵ بەرەوپێش بچێت و ئەمە بەشێکە لەو بابەتانەی لە سەرەتادا باسمان کرد، ئەویش بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵە لێرە، جێگەی سەرنجە ئەگەر سەیری ئەو بڕە پارەیە بکەی کە هۆڵەندا لە کەرتی کشتوکاڵ و گوڵ و بیستان قازانج دەکات بڕەکە زۆرە، وا بزانم ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 50 ملیار یۆرۆ بوو ئێمە لەو کەرتە بە دەستمان هێنا. بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا بە خێرایی گەشە دەکات و بینیمان ژمارەکان بۆ عێراقیش لە ماوەی ڕابردوودا زیادیان كرد، بەڵام ئاگه‌داری ئەوەین ئەگەر لێرە لە بەرەوپێشبردنی کەرتێک یارمەتیدەر بین و بە شێوەیەکی بەردوام بێت، مەبەستم ئەوەیە بەڵێ زۆر خۆشە لێرە کەرتی بەرهەمهێنانی گوڵت هەبێت، بەڵام دەبێت کێشەی ئاویش لە خۆ بگرین و چۆن دەتوانین ئاو بۆ ئەو کەرتە تەرخان بکەین، بۆ نموونە چەندین جۆری گوڵ هەن کە بەراورد بە ژینگەکانی دیکە زیاتر بۆ ئێرە دەگونجێن، چونکە کەمتر پێویستیان بە ئاوە، دەبێت هەموو ئەمانە بە یەکدی گرێ بدرێن ئەگەر پلانێکی نوێ بۆ کەرتێک دابڕێژی، چونکە دەرفەتە بەشێوازە دروستەکە ئەنجامی بدەی، ئەگەر بتوانین بەشێکی بچووک بین لێی و لەو کارە یارمەتی ئێوە بدەین خۆشحاڵ دەبین ئەو کارە بکەین.

كوردستان24: ئێوه هه‌رێمی كوردستان و ئایینده‌كه‌ی چۆن ده‌بینن؟

یاکۆ بێرێندز: وەک لە سەرەتاوە گووتم، گرینگترین بەش بۆ ئێمە ئەوەیە، پەیوەندییەکی هاوبەش و پاشخانێکی هاوبەشمان هەیە، بۆیە داهاتوویەکی هاوبەشیشمان هەیە بەهۆی خەڵکەوە. ئەمە بە گرینگی دەمێنێتەوە. هاوشان لەگەڵ ئەمە، چەند بەهایەکی هاوبەشیشمان هەیە. مەبەستم ئەوەیە، هەردووکمان لە سیستەمێکی دیموکراسیدا ڕیشەمان داکووتاوە. هەر دوو حکوومەتەکانمان، چەند خاڵێکی گرنگ و دیاریکراویان هەیە دەربارەی ئازادی راگەیاند، مافی مرۆڤ و ئەو بەهایانەی بەلامانەوە گرنگن. من وای دەبینم گرینگی ئێمە لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت، چونکە ئەگەر ئەم هەرێمە بە سەقامگیری بمێنێتەوە، واتە بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق و تەواوی ناوچەکەش هۆکارێکی سەقامگیری هەیە. هیوادارم ئەمە کەمێک وەڵامی پرسیارەکەت بداتەوە.

كوردستان24: زۆر زۆر سوپاس بۆ ئه‌م دیداره‌ له‌گه‌ڵ كوردستان24.

یاکۆ بێرێندز: زۆر بەخێر بێیت، دەتوانم شتێکی دیکە بۆ قسەکانم زیاد بکەم؟ دڵنیانیم دواتر بتوانن لە هەڤپەیڤینەکەدا بە کاری بهێنن. گرینگە بزانن ئەم یەکشەممە، ڕۆژی نشتیمانی ئێمەیە، ڕۆژی پاشایە. ڕۆژی لە دایکبوونی پاشاکەمانە. خەڵکێکی زۆر بۆ ئەم ڕێوڕەسمە دێن. لەوێ هەندێک لەو بابەتانە دەبینی گفتوگۆمان دەربارە کرد. هەندێک وێنە و ڤیدیۆمان دەبێت دەربارەی کشتوکاڵ، گوڵی هۆڵەندی و کولتووری هۆڵەندی. هیوادارم خەڵک و دەسەڵاتی کوردی سوودی لێ ببینن.