حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پابەندبوون بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکاتەوە

هەژماری من
هەژماری من

K24 – هەولێر:

دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی بانکەوە، یەکێکە لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەم پرۆسەیەش لە پرۆژەی هەژماری مندا، خرایە واری جێبەجێکردنەوە و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، کە هیچ کات دژی بە بانکیکردنی (تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبووە و لەمێژە بە کردەیی ئەو پرۆسەیە لە هەرێم دەستی پێ کراوە.

لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ڕۆژی (24ـی نیسانی 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: " گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە، ئەم بابەتەش شایەنی چارەیە لە ڕێگەی دۆزینەوەی لێکگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێک لە بەرژەوەندی مووچەخۆر بێت و بە ئاسانی پرۆسەکە تەواو بکرێت لە ڕێگەی ئەو بانکە باوەڕپێکراوانەی لەژێر سەرپەرشتی و مۆڵەتی بانکی ناوەندیی، سەرقاڵی پرۆسەی تەوتینن لە چوارچێوەی پڕۆژەی تەوتینی هەرێم بە ناوی (هەژماری من) کە گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندییان جێبەجێ کردووە".

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنيا ڕۆڵی ئاسانکاریی دەگێڕێت، ئەگینا پڕۆژەکە، بانکە ڕێپێدراوەکان جێبەجێی دەکەن کە هەندێکیان لە پرۆسەی تەوتینی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بەشدارن".

پڕۆژەی هەژماری من کە شەش بانکی لەخۆگرتووە زیاتر لە 19 خزمەتگوزاری بانکی لەخۆدەگرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران لەرێگەی پڕۆژەکە بۆ سیستمی دیجیتاڵی 18 مانگی بۆ دانراوە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2016ـەوە پڕۆژەی تەوتین دەستی پێکردووە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سەرجەم مووچەخۆران تۆمار بکات، جگە لەوەش لەکۆی 34 بانکی نێو تەوتین 20 بانکیان لەژێر سزاکانی بانکی فیدراڵی و گەنجینەی ئەمەریکا دان.

پڕۆژەی تەوتین بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە (1ـی تشرینی یەکەمی 2016)ـەوە دەستی پێکرد کە دەبوایە لە ساڵێکدا سەرجەم مووچەخۆران بگرێتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا تەواو نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ ئامارێکی فەرمی نییە لە عێراق رێژەی بەشداری مووچەخۆران نیشان بدات و کێشە لە نەبوونی ئامێری ATM دا هەیە جگە لەوەش خزمەتگوزارییەکانی بانکی رێکنەخراون.

لە بەرامبەر ئەوەشدا، پرۆژەی هەژماری من لە مانگی ئەیلوولی 2023ـەوە پڕۆژەی "هەژماری من" دەستیپێکردووە و 18 مانگدا سەرجەم مووچەخۆران تۆمار بکرێن و ڕۆژانە ئاماری بەشداربووانی پرۆسەکە لە myaccount.gv.krd نیشان دەدرێت.

کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی "هەژماری من" بەردەوامە و دوایین ئامارەکانیش ئاشکرای دەکەن؛ تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە پڕۆژەکە تۆمارکراون گەیشتووەتە 260 هەزار فەرمانبەر و زیاتر لە 150 هەزار کارتی بانکیش دراوەتەوە فەرمانبەران.

پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی و پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەش کەرتی بانکیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە هەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.

هەژماری من، دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی حکوومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە، کارایی حکوومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.