رامیار وەڵزی: 'هەژماری من' پڕۆژەیەکی سەرکەوتووە و لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە

رامیار وەڵزی، شارەزای ئابووری
رامیار وەڵزی، شارەزای ئابووری

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی ئابووری، لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من جەخت دەکاتەوە، پڕۆژەکە لەژێر رێنمایی بانکی ناوەندیی عێراقە و لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی بەشدار لە پڕۆژەکەدایە.

رامیار وەڵزی، شارەزای ئابووری، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، پڕۆژەی هەژماری من یەکانگیرە لەگەڵ ئەو رێنماییانەی کە بانکی ناوەندیی عێراق دەری دەکات.

ئەو شارەزاییە ئابوورییە ئاماژەی بەوەدا، ئەو بانکانەی کە لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن، لەژێر رێنمایی بانکی ناوەندیی عێراق کار دەکەن و هیچ تێبینییەک لەسەر کارەکانیان نییە.

ناوبراو دەڵێت: زۆرێک لەو بانکانەی کە لە تەوتینی مووچەخۆرانی حکوومەتی عێراق بەشدارن لە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکادان، لە کاتێدا هیچ لە بانکە بەشداربوونەکانی پڕۆژەی هەژماری من لە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکادا نین.

رامیار وەڵزی، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، یەکێک لە لایەنە باشەکانی بە بانکیکردنی مووچە، پارەی کاش لە بازاڕ نامێنێت و دەبێتە ئەلیکترۆنی، ئەمەش هۆکاری سەرەکی گەشەپێدانی ئابووری وڵاتە.

لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من و تەوتینی حکومەتی عێراق ئەو شارەزاییە ئابوورییە گوتی: "پڕۆژەی تەوتینی حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەک رێککەوتوون بە ناوی کی کارت کە ئەمە بانک نییە، بۆیە بەشداربوونی دەبێت عومولەی زۆر زیاتر لە پڕۆژە هەژماری من بدەن تا دەستیان بگات بە پارەی ناو هەژمارەکانیان".

جیاوازی نێوان بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لە تەوتین و پڕۆژەی 'هەژماری من'

- لە پڕۆژەی هەژماری من یەک دامەزراوە دەست دەکات بە فراوانکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی و بانکی

- لە تەوتین بۆ هەر 100 هەزار لەدانیشتووان %3.83 لە ئامێری ATM  دانراوە

- لە پڕۆژەی هەژماری من پێویستە لەهەر شوێنێک کە پێویست دەکات ئامێری ATM  دابندرێت تەنانەت لە فرۆشگاکان و خاڵی فرۆشتن.

- لە پڕۆژەی هەژماری من زیاتر لە 19 خزمەتگوزاری بانکی- ئەلیکترۆنی پێشکەش بە بەشداربووان دەکرێت کە تێچووەکەی لە %70 کەمترە لە تەوتین

خزمەتگوزارییەکان لە تەوتیین:

- لەکۆی 43 بانکی بەشداربوو 20 بانک لەژێر سزای بانکی ناوەندی و گەنجینەی ئەمریکادان

- تێوەگلاون لە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە

- بانکی رافیدەین 34 جار هاککراوە

- بەردەوام کێشەیان لەسیستەم هەیە

- لەکاتی نوێکردنەوەی کارتەکانیان دەبێت تێچوونێکی زۆر بدرێت

لە پڕۆژەی هەژماری من:

- شەش بانک بەشداریان کردووە هیچیان لەژێر سزاکان نین

- ئاڵوگۆڕی پارەو حەواڵەکردن بە کەمترین کات وتێچوو دەبێت

- 19 خزمەتگوزاری بانکی لەرێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە دابیندەکرێت

- کڕینی پێداویستی رۆژانە بە ئاسانی