پۆڵەندا ئەو ئۆکرانیانەی لە خزمەتی سەربازی ڕایانکردووە دیپۆڕتیان دەکاتەوە

K24- هەولێر

وەزیری بەرگری پۆڵەندا، ولادیسلاو کۆسینیاک کامیز، ئامادەیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پیاوانەی تەمەنی سەربازییان هاتووە، ئەو ئۆکرانیانەش دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ڕووسیا هاتوونەتە پۆڵەندا.

وەزیری بەرگری گوتیشی: پێموایە زۆرێک لە پۆڵەندیەکان هەست بە توڕەیی دەکەن، کاتێک ئۆکراینیەکان لە هۆتێل و کافێکان دەبینن، لە کاتێکدا ئێمە تاوتوێی ئەو هەوڵانە دەکەین کە پێویستە بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا.

 لە 16ـی نیسان، سەرۆکی ئۆکرانیا یاسایەکی تایبەت بە کۆکردنەوەی هاووڵاتیانی بۆ خزمەتی سەربازی لە ئۆکرانیا واژۆکرد، کە لە 18ـی ئایارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یاساکە داوا لە پیاوانی ئۆکرانی دەکات کە تەمەنیان گەیشتووەتە خزمەتکردنی سەربازی، لە ماوەی 60 ڕۆژدا، بە شێوەی کەسی یان ئەلیکترۆنی، زانیارییە کەسییەکانیان لە فەرمانگەکانی وەرگرتنی سەربازیدا نوێ بکەنەوە.

دواتر دیمیتری کولیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، خزمەتگوزاری کونسوڵگەری بۆ پیاوانی ئۆکرانیا کە تەمەنی خزمەتکردنیان هاتووە و لەدەرەوەن ڕاگرتووە.