ڕووسیا ڤیتۆی دژی بڕیارنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی بەکارهێنا

K24- هەولێر

ڕۆژی چوارشەممە، ڕووسیا ڤیتۆی خۆی لە دژی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکارهێنا، کە تێیدا داوا لە هەموو وڵاتان دەکات ڕێگری لە چەکی ئەتۆمی بکەن لە بۆشایی ئاسمان.

لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش 13 ئەندام دەبگیان بە ڕەشنووسەکە دا، بەڵام ڕووسیا دژی ڕەشنووسەکە بوو، چینیش دەنگی نەدا.

بڕیارنامەکە داوا لە هەموو وڵاتان دەکات کە چەکی ئەتۆمی یان چەکی کۆمەڵکوژی دیکە لە بۆشایی ئاسماندا پەرەپێنەدەن یان جێگیر نەکەن، وەک ئەوەی لە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی ساڵی 1967دا کە ئەمەریکا و ڕووسیا تێیدا بەشداربوون، قەدەغەکراوە.

 لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا دوای دەنگدانەکە ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، مۆسکۆ هیچ نیازێکی نییە چەکی ئەتۆمی لە بۆشایی ئاسمان جێگیر بکات، بەڵام بەکارهێنانی ڤیتۆ پرسیار دروست دەکات کە ڕەنگە حکوومەتی ڕووسیا شتێک بشارێتەوە.

 لە ڕەشنووسی بڕیارنامەکەدا هاتووە کە "ڕێگریکردن لە جێگیرکردنی چەک لە بۆشایی ئاسمان، ڕێگری لە مەترسییەکی جددی دەکات بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی".

داوا لە هەموو ئەو دەوڵەتانە دەکات کە چالاکییەکان لە بواری گەڕان و بەکارهێنانی بۆشایی ئاسماندا ئەنجام دەدەن، پابەندبن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 ئەم پەیماننامەیە کە لە لایەن نزیکەی 114 وڵاتەوە پەسەند کراوە، لەوانەش ئەمەریکا و ڕووسیا، جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی یان هەر جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژی دیکە، لە بۆشایی ئاسمان قەدەغە دەکات.